زاری كرمانجی- سۆران:
د. مەهدی ستونی، مامۆستای زانكۆی سۆران، بۆ زاری كرمانجی گوتی: پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هۆكارێك بوو بۆ ئارام بوونەوەی بارودۆخی گوندی پەلكانە و وایكرد سنوورێك بۆ ئەو زێدەرۆیانە دابنێ كە لە دوای خیانەتی شانزدەی ئۆكتۆبەر دەكرێن، بەتایبەتی كە پارێزگارێكی نا دەستووری هاتە سەر دەسەڵات لە دەرەنجامی ئەو خیانەتەوە بوو.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: سێ هۆكاری سەرەكی هەبوو كە جارێكی دیكە عەرەبی هاوردە بگەڕێنەوە ناوچەكە و هێرش بكەنە سەر ناوچە كوردستانییەكان بە تایبەت ئەو گوندە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان ئەوەیە كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەكەی خۆیدا ئاماژەی پێدا، ئەوە هەوڵێكە بۆ ڕاوەستاندنی ئەو هەماهەنگییەی كە ئێستا لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق هەیە، هەردوولا هەوڵی جددی دەدەن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە و یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكان كە لەسەر كۆكن جێبەجێ كردنی مادەی 140، ئەمەش هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ناوچەكە ئارام ببێتەوە، بۆیە زۆر لەوە دەترسن و هەموو هەوڵێك دەدەن كە چالاكییەكانی ئەوان ڕابگرن و نەتوانن هیچ هەنگاوێك لەو ناوچانە بهاوێژن، هۆكاری دووەم ئەوەیە كە ڕاكان جبووری زۆر لەوە دەترسێت بەتایبەت دوای ئەو هەوڵانەی دكتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، زەختێكی زۆر لە حكوومەت دەكات كە ڕاكان جبووری ئیدی بەكەڵكی ئەو پۆستە ناهێت و كاری عەرەبچییەتی دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی ناوچەكەش دەڵێن ئەو تەعریبەی پێشان ڕژێمی بەعس دەیكرد زۆر باشتر بوو لەوەی كە ئێستا ڕاكان جبووری دەیكات و بەتایبەت دوای خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر، بۆیە یەكێك لە هەوڵەكانی ڕاكان ئەوەیە كە دەیەوێت ڕای گشتی لابەلا ببات، ئەم هەوڵانەش تەنیا لەبەر ئەوەیە كە ناوچەكە ناسەقامگیر بكات، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری ئەوەیە كە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت.