مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
میسال ئالوسی، سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراق پێشبینیدەکات ڕێککەوتننامەی “سایکس بیکۆ” کە نەخشەی سنوورەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عوسمانی کێشاوە کۆتایی بێت، دەشڵێت: “هیوادارم بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە دەوڵەتی فەلەستینی و دەوڵەتی کوردی دروست بێت”.
میسال ئالوسی سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر باس لە کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنانەی “سایکس بیکۆ” دەکات، پێی وایە کۆتایی هاتنی ئەم ڕێککەوتنە هۆکارێک دەبێت بۆ کاڵبوونەوە و سڕینەوەی نەخشەی ئەو سنوورانەی کە کاتی خۆی لە لایەن دەسەڵاتی عوسمانی کێشراون و باس لەوە دەکات کە ئیدی چیتر گەلان ژێر دەستەیی قبووڵ ناکەن.
ئالووسی هێما بۆ ئەوە دەکات :”کۆڵۆنیالیزمی کۆن نەخشە و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کێشا”. بۆیە :”کۆڵۆنیالیزمی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لەسەر دروستکردن و خۆراک پێدانی شەڕ و قەیرانەکان گەشە دەکات و شکستی دەوڵەتەکانمان کۆتایی بە سنوورە کۆنەکان دەهێنێت سنووری نوێ دەکێشێت،”
لە بەشێکی تری تویتەکەی ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە هاتووە: “هیوادارم سنوورە کۆنەکان کۆتاییان پێ بێت و دەوڵەتێکی فەلەستینی شانبەشانی دەوڵەتی ئیسرائیل، دەوڵەتێکی کوردی، یان کۆنفیدراڵی عێراق ببینین”.