وەرزش ـ زاری كرمانجی:
یانەی هەولێر لە مەترسی دابەزین بۆ خولی پلە یەكی عێراق رزگاری بوو، دوای چارەسەركردنی كێشەی قەرزەكەی ئەیوب ئۆدیشۆ.
بەر لە دوو رۆژ یانەی هەولێر لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویكردەوە، كە یانەكە بڕی 395 ملیۆن دینار قەرزاری ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەری پێشووی هەولێرە و ئەگەر لەماوەی دوو رۆژدا نەدرێتەوە ئەوە یانەكە بە پێی یاسا بۆ خولی پلە یەكی عێراق دادەبەزێت.
دوای ئەم هەواڵە، جموجۆڵەكان لەسەر ئاستی باڵای وەرزشی و ئیداری پارێزگای هەولێر بۆ چارەسەركردنی كێشەكە دەستی پێكرد و دەرئەنجام بەپێی روونكردنەوەی یانەی هەولێر كێشەكە چارەسەر كراوە.
یانەی هەولێر لە رونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بە چارەسەركردنی كێشەكەیدا كە ئەمەی خواردەوە دەقی روونكردنەوەكەیە :
دوای ئەوەی لە لایەن لێژنەی تەراخیس لەسەر كێشەی راهێنەری پێشووتری یانەكەمان كاپتن (ئەیوب ئۆدیشۆ) ئاگادار كراینەوە، كە پێویست بوو لە ماوەی تەنیا 72 كاتژمێر، یانەی وەرزشی هەولێر بڕی 395,000,000 سێسەد و نۆوەد و پێنج ملیۆن دینار، بداتە راهێنەری ناوبراو، كە بڕی پارەكە قەرزی كۆنە و لەسەر یانەكەمان كەڵەكە بووە.
بە هەوڵ و كۆششی دكتۆر وەلید عارەب سەرۆكی یانەكەمان و سەرجەم ئەندامانی دەستەی كارگێڕی، كە هەمووان بە بەردەوامی لەسەر هێل بوون، هەروەها بە هەوڵ و ماندووبوونی پارێزگاری هەولێر كاك (ئومێد خۆشناو) و، دڵسۆزان و خەمخۆرانی یانەكەمان، سوپاس بۆ خوای گەورە، كێشەكە چارەسەر كرا و كۆتایی هات”
لەدرێژەی روونكردنەوەكەدا ئەوەش باسكراوە، كە راهێنەرە بەرەگەز عەرەبەكە لەبەشێكی پارەكانی خۆشبووە و بەشێكیشی پێدراوە.