دێسكی وەرزشی زاری كرمانجی:
ماوەیەكە هەواڵی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا زۆرترین كلیكی لەسەر دەكرێت و، پێدەچێت جارێكی دیكە كامپ نۆ باوەش بۆ ئەفسانەكەی بكاتەوە.
دواین ئەپدەیتی هەواڵەكە ئەوە بوو، كە مێسی بە 15 جانتاوە هاتووەتە شاری بارسێلۆنا، ئەم هەواڵە لەلایەن جیرارد رۆمێرۆی رۆژنامەنووسی كەتەلۆنییەوە پشتڕاستكرایەوە.
رۆمێرۆ ئەوەی خستەروو، كە مێسی هاوشان لەگەڵ بنەماڵەكەی بە 15 جەنتاوە هاتووەتە هەرێمی كەتەلۆنیا، تەنانەت لە دەرگەیەكی جیاوازی فرۆكەخانە بۆ ئەوەی كەس نەیبینێت.
ئێستا دەركەوتووە، كە بەڵێ مێسی گەڕاوەتەوە، بەڵام بۆ بەسەر بردنی پشوو نەك بەرزكردنەوەی درێسی بارسا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پێگەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، گالتیێ راهێنەری پاریس سانجێرمان دوای سەركەوتنی یانەكەی بەرانبەر بە ئانژێ بە ئەنجامی 3 – 0 ماوەی 3 رۆژ پشووی بە یاریزانان داوە.
مێسی لە مانگی شەشی داهاتوو بەشێوەیەكی فەرمی كۆتایی بەگرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان دێت و، تا ئەم ساتە دیار نییە پەیوەندی بە كام یانەوە دەكات، یانیش هەر لە پاریس كاروانەكەی تەواو دەكات.