شەهلا رەشید- سۆران
زیاتر لە هەفتەیەكە نەخۆشییەكی گواستراوە بەناوی هەوكردنی پەردەی مێشك، لەناو منداڵان بڵاوبووتەوە كە 40 منداڵ بەهۆی ئەم نەخۆشییە براونەتە نەخۆشخانەكان، ئەم نەخۆشییە گواستراوەیە و مەترسی بڵاوبوونەوەشی هەیە.
د. محەممەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵ، بە زاری كرمانجی راگەیاند” نەخۆشی هەوكردنی پەردەكانی مێشك، بریتییە لەو هەوكردنەی تووشی ئەو پەردانە دەبێت كە مێشك دادەپۆشن، لە رێگەی ڤایرۆس یان بەكتریاوە دەبێت، لەوانەیە هەندێكجاریش لە رێگەی كەڕوو یان چەند جۆرێكی دیكە بێ، بەڵام ئەوەی گشتگیرە ڤایرۆسە دواتر بەكتریا، هەروەها ئەم نەخۆشییە بەتایبەت جۆری بەكتریایەكەی ئەگەر لە كەمترین ماوەدا دیاری و چارەسەر نەكرێت دەبێتە مەترسییەكی زۆر گەورە بۆ منداڵەكە، لە منداڵاندا زۆربەی تەمەنەكان ئەگەری تووشبوونیان هەیە.
ئەم پزیشكە باس لە نیشانەكانی نەخۆشییەكە دەكات و دەڵێت” نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە سەر ئێشەیەكی زۆر، رشانەوەی بەقوەت، بەرزبوونەوەی زۆری پلەی گەرمی لەش، رەقبوونی مل، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، لەهۆش چۆن، هەروەها منداڵەكە بە تەواوی بێزار دەبێت و دەكەوێت لە هەندێك حاڵەتیشدا لەوانەیە تووشی گەشكە ببێت، ئەمانەش نیشا باوەكانی ئەم جۆرە نەخۆشییەن، پێویستە لەكاتی روودانی هەر نیشانەیەك لەوانەی كە باسمان كردن راستەوخۆ سەردانی پزیشك بكرێت و بەهیچ شێوەیەك دوانەخرێت، لەبەر ئەوەی لەوانەیە نەخۆشییەكە لە ماوەیەكی كەمدا ببێتە هۆكاری كوشندە بۆ تووشبووەكە، پزیشكەكە لە رێگەی ئەم نیشانانەوە تا رادیەك دەتوانێت نەخۆشییەكە دیاری بكات، یانیش لە رێگەی پشكنینی خوێن، تیشك گرتنی سەر یاخود وەرگرتنی شلەی مێشك لە رێگەی پشتەوە كە ئەمەیان كەمەك قورسە و پێویستی بە چاودێری هەیە، لەم رێگانەی كە باسمانكردن پزیشك دەتوانێت نەخۆشییەكە بە تەواوی دیاری بكات، ئەگەر دیاریشكرا پێویستە تووشبووەكە لە نەخۆشخانە بخەوێندرێت و چارەسەری تەواوی پێبدرێت.