شاڵاو عەلی
کۆمەڵکوژی بریتییە لە کوشتنی چەندین کەس یان کۆمەڵە کەسێک بە جارێک . قڕکردنی ئەرمەنەکان کە لە ساڵی 1915ئەنجام در لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لە گەرمەی جەنگی یەکەمی جیهانی کە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی کوژرا . یەکێک لە سیاسەتە دڕندانەکانی دەوڵەتی عوسمانی کە لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پلانەکانی ئەنوەر پاشا و تەڵعەت پاشا و جەمال پاشا و دەزگای هەواڵگری عوسمانییەکان و سوپای حەمیدیە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بوو . کۆمەڵکوژی بەرفراوانی ئەرمەنەکان لە ساڵی1915 و 1917 ڕوویدا ، ئیمپراتۆری عوسمانی تووشی کۆمەڵێک شکست بوو ، بەتایبەتی شەڕەکانی بەلکان 1912 و 1913 . ترسی لە دڵی سەرکردەکانی ئیتیحاد و تەرەقی دروست کرد لەوەی ئەرمەنییەکان لە زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات بەدوای سەربەخۆیی بگەڕێن . کۆمەڵێک بیانوویان نایەوە بۆ جینۆسایدکردنیان ، بە فەرمانی تەڵعەت پاشا لە ساڵانی 1915 و 1916 نزیکەی هەشت سەت هەزار بۆ ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی ڕێپێوانی مەرگ کران لە بیابانەکانی سووریا . وە ئەوانەی ڕزگاریان بوو ، بڵاوەیان پێکرا بۆ ناو ئۆردوگاکان . کۆمەڵکوژییەکە بە چەندین شێواز ئەنجام درا کە دڕندانیەتی تورکەکانی نیشان دەدا و بەشێک لە سەرۆک هۆزە کوردەکانیش بەشداربوون لەو کۆمەڵکوژییە . سەرەتا پیاوەکانیان جیا دەکردەوە بە هەندێک بیانووی نابەجێ دواتر بە دڕندانەترین شێوە دەیانکوشتن . پاشان منداڵەکانیان جیا دەکردەوە دەست درێژیان دەکردە سەر ئافرەتەکان یان کچەکانیان بۆ خۆیان دەبرد بەم شێوەیە ئەرمەنەکان بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژکران کە هیچ تاوانێکیان نەبوو تەنانەت بەشێکی زۆریان دڵسۆزی دەوڵەت بوون و پلەی بەرزیان هەبوو . بەڵام بەهۆی جیاوازی ئایین و نەتەوە بووە هۆی لەناوبردنیان . حکومەتی تورکیا دیپۆرتکردنەوەی ئەرمەنەکانی بە کارێکی ڕەوا داناوە ، زۆرێک لە دەوڵەتەکان دانیان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان داناوە لەم دوایانە ئەمریکاش دانی نا بەم جینۆسایدە بەڵام حکومەتی تورکیا پێداگری لێ دەکات و دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان نانێت ، هەموو هەوڵێکیش بۆ ناساندی کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن تورکیا ڕێگری لێ دەکرێت ، بەڵام دواجار ئەوە تا ئەبەد پەلەیەکی ڕەشە بە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی . دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لە کاتی پاکانە کردن بۆ مێژووی خۆی کوردەکان دەکاتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم کارە قێزەونە ، بەڵام ئەوە ڕوونە کە کوردیش یەکێک بووە لە نەتەوە مەزڵوومەکانی ژێر دەستی تورکەکان ، کە تا ئێستاش بەدەست سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی تورکیا دەناڵێنێت.


































































