شەهلا رەشید- سۆران:
زۆرێك لە خەڵك كاتێك میوە دەكڕن دەبینن رەنگی گۆڕاوە وا دەزانن ئەم میوە جوان پێگەیشتووە تامەكەشی خۆشترە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە میوانە زیانی زۆریان هەیە بۆ تەندروستی، د. كاوە عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان، دەڵێت: خەڵك زۆرجار بۆ ئەم جۆرە میوانە دەڵێت ئەمە خۆش و بەتامە بیخۆین، بەڵام كاتێ پارچەیەك لەو شوێنەی كە رەنگەكەی گۆڕاوە دەخرێتە ژێر میكرۆسكۆب ئەمە نییە كە ئێوە بیری لێدەكەنەوە، بەڵكو هەمووی كرم، میكرۆب و فتریاتە، هیچ سوودێكی نەماوە پێویستە فڕێ بدرێت.
ئەم پزیشكە، دەشڵێت: كاتێك میوەیەك پێش ئەوەی بە چەقۆ لەتی بكەی جوان و خاوێنە، بەڵام كە لەت دەكەیت دەبینی رەنگی تێكچووە، تكایە نە بەخۆتان بیخۆن نە بیدەن بە منداڵەكانتان، تەنانەت ئەگەر رەنگەكە بەشێكی كەمی میوەكەشی داپۆشی بێت و بەشەكانی دیكەیان رەنگیان نەگۆڕا بێت و زیانی پێنەگەیشتبێت ناتوانن بەكاربهێنن، چونكە پڕە لە ڤایرۆس و كرمە زیانبەخشەكان و زیان بە تەندروستیتان دەگەیەنێت.