ڕێکخراوی (IREX)ی ئەمریکی لەڕێگەی سەنتەرەکانی کاری زانکۆکان، پۆلێک لە قوتابیانی زانکۆی سۆران لە دوو چالاکی نێودەوڵەتی شان بە شانی زانکۆکانی عێراق و ئەمەریکا و ئوردن بۆ ماوەی (٦) ھەفتە و (٨) ھەفتە بەشداربوون.
چالاکیی یەکەم بریتی بوو لە (Global Solutions Conversation)، تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر ئالێنگارییەکانی جیھان بە پشتبەستن بە (١٧) ئامانجە بەردەوام و پێشکەوتووەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. قوتابیانی زانکۆی سۆران ڕۆلێکی بەرچاویان ھەبوو لە گفتوگۆکان و پێشنیارکردنی چارەسەری پێویست و وەک یەکێک لە چالاکترین تیمەکان ھەڵبژیردران.
چالاکیی دووەم بریتی بوو لە پێشبرکێیەک لە ژێر ناونیشانی (Global Solutions Sustainability Challenge), تایبەت بوو بە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ یەکێک لە ئالێنگارییەکان لە ڕێگەی دورستکردنی بەرھەمێک و ناساندنی بۆ بازاڕی کار. قوتابییانمان توانییان بەرھەمێک بۆ مەبەستی پاککردنەوەی ئاوی بەشە ناوخۆییەکان دورست بکەن کە بریتی بوو لە (فلتەرێکی جێگۆر و بوتڵێکی شوشەیی).
ھەردوو تیمی زانکۆی سۆران لە لایەن مامۆستا (سەروان سدیق حەسەن) سەرپەرشتی دەکران.
تیمی زانکۆی سۆران لە قۆناغی پێش کۆتایی توانی یەکێک بێت لە (٥) تیمی سەرکەوتوو، لە قۆناغی کۆتاییش وەک تاکە زانکۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق توانی پارێزگاری لە مانەوەی بکات. لەسەر ئاستی جیھانیش توانی پلەی دووەم بەدەست بێنێت و ببێتە یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی دارایی چالاکییەکە.
وەک سروشتی چالاکییەکان، تیمی زانکۆکانی عێراق و ئوردن لەگەڵ تیمی زانکۆکانی ئەمریکا یەکدەگرن بەمەبەستی دورستکردنی تیمێکی نێودەوڵەتی، بۆ ئەم جارە ھەردوو تیمی زانکۆی سۆران لەگەڵ دوو تیمی زانکۆی (Cumberlands)ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکیان گرت.