“ئەمساڵ زیاتر كتێب دەخوێنرێتەوە”
مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
بەرپرسی كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، باس لە گرینگی خوێندنەوەی كتێب و كێشەكان دەكات و، دەڵێ: كتێبخانەكانی قەزاو ناحیەكان بە تەواوەتی پشتگوێ خراون، لەگەڵ ئەوەش ئەمساڵ خوێنەرانی كتێب زیاتر بوونە.
مستەفا جادر، بەرپرسی كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، رایگەیاند: 12 ساڵە خزمەت بە بواری كتێب دەكەم، كتێب دەتوانێت هێز و وزە بدات بە خوێنەر، ڕێگایەكی ئاسانە بۆ شارەزابوون و ناسینی خود، هەروەها متمانە بە خۆبوون زیاد دەكات، كە بەرامبەر ئازارەكانی ژیان چۆك دانەدەیت و بوەستیت بەردەوام بیت، گرینگی كتێبخانە و هەبوونی لە سنووری قەزای مێرگەسۆر پێویستییەكی سەرەكییە بۆ گەنجان و قوتابییانی سنوورەكەمان، هەمیشە لە پەیوەندیدابووینە لەگەڵ گەنجان و قوتابییان بەپێ تواناكانمان بۆ ئەوەی هانیان بدەین كتێب بخوێنەوە، بۆ ئەوەش هەمیشە بەرنامەمان هەیە ئەگەر كتێبمان زۆر بێت بە تایبەت كورتە چیڕۆك و كتێبی منداڵان سەردانی قوتابخانەكان دەكەین و كتێبیان بەسەردا دابەشدەكەین، بێگومان بۆ ئەم جۆرە چالاكیانە پێویستیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە بۆ ئەوەی هاوكارمان بن لە رووی دابینكردنی كتێب و هاوكاری ماددی، كە بەداخەوە كتێبخانەكان لە سنووری قەزا و ناحیەكان بە تەواوەتی فەرامۆش كراون، لە بواری گرینگی پێدان و دابینكردنی پێداویستی و دروستكردنی بینایەی تایبەت بە خۆیان و نەبوونی میزانیەكی گونجاو و نەبوونی ئۆتۆمبێل و چەندین كێشە و گرفتێكی تر، كە میزانیەی كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر تا ئەو دوایانە تەنها ٤٠ هەزار دینار بوو، ئەوەندە كەم بوو چەندین ساڵ بوو هەر وەرمان نەدەگرت، ئێستا میزانیەكەمان بۆتە 60 هەزار دینار ئەوەش هەر كەمە و بەشی هاتووچۆ و پێداویستی ڕۆژانەی كتێبخانە ناكات، بەڵام گەشبینین بە كرانەوەی بەڕێوەبەرایەتی كتێبخانەی گشتی لە سنووری ئیدارەی سۆران، بۆ ئەو مەبەستە هەمیشە لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی ئیدارەی سۆران، بۆ باشتر كردنی بارودۆخی كتێبخانەكان.”
بەرپرسی كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، گوتیشی: ئەمساڵ خوێنەری كتێب لەچاو ساڵانی رابردوو باشترە، كردنەوەی پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر لەو سنوورە تا رادەیەك كاریگەری هەبووە لەسەر زیادبوونی خوێنەری كتێب، بە هۆكاری توێژینەوە و راپۆرت قوتابییەكی زۆر سەردانمان دەكەن و بەدوای سەرچاوەدا دەگەڕێن.”
مستەفا جادر، بەرپرسی كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، دەڵێ: دەبێت گەنجەكانمان ئەوە بزانن كە ئەو تەكنەلۆژیا و تۆرەكۆمەڵایەتیەكان بناغەی دروست كردنیان بۆ كتێب خوێندنەوە و سوود وەرگرتن لە كتێب دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە گرینگی بە خوێندنەوەی كتێب بدەین، تا كەسانی بەرهەمهێنەرمان لێ دەربچێت و بە تەنها بەكارهێنەر نەبین.