سۆلاڤ قادر
قوتابی قۆناغی سێیەمی زانستە کۆمەڵایەتیەکانی فاکەڵتی پەروەردە زانکۆی سۆران
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و شکستهێنان و تەسلیمبوونی دەوڵەتی عوسمانی، دەوڵەتە بڕیاربەدەستەکانی هاوپەیمان، (بەریتانیا،فـەڕەنسـا،ئیتـالیا)، ئەو ناوچانەی لە بەرەنجامی جەنگدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستیان خستبوو لەنێو خۆیاندا دابەشیان کرد، بۆ ئەم مەبەستە لە ١٠ ئابی ١٩٢٠ لە ناوچەی سیڤەری باشووری ڕۆژئاوای پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی تێکشکاو کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، یەکەمجاربوو بەشێوەی ڕەسمی لە کۆبوونەوەیەکی نێودەولەتی گرنگدا باس لە کوردو خواستەکانی بکرێت ،هەربۆیە ویست و بەرژەوەندی بەریتانیا لەو کاتەدا ئەوەبوو کوردستانی باکووری ئێستاو ویلایەتی موسڵ لە تورکیا جیابکاتەوەو لە ژێر ئینتیداب و خۆیدا دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکات، نوێنەری کورد لە کۆبوونەوەکەدا شەریف پاشا بوو،کە لە (٤٢٢) مادە پێک هاتبوو سێ بەندی کۆبوونەوەکە (٦٢-٦٣-٦٤)تایبەت کرابوون بەمەسەلەی کورد کە بریتیبوو لە یەکەم بەندی
بەندی (٦٢)
لیژنەیەك لە سێ ئەندام پێك هاتبوو كە لە (٣)كەسایەتی (بەریتانی و فەڕەنسی و ئیتاڵیا) كە حكومەتی ئەو سێ دەوڵەتە دیاری دەكەن، مەڵبەندی لیژنەكەش شاری (ئەستەنبوڵ) بووە ئەم لیژنەیەش پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا كارەكانیان بە ئەنجام بگەینێت كارەكەشیان ئامادەكردنی یاسایەكە بە مافی فەرمانڕەوایی حوكمی خۆجێیی بۆ كوردستان كە زۆرترینی دانیشتوانی كوردن و كەوتۆتە خۆرهەڵاتی فوڕات و باشووری سنوری ئەرمینیا و باكووری سنوری سوریا و عێراق، هەروەها وەك لە بەندی (٢٧)لە ماددەی (٢،٣) دا دیاری كراوە ئەگەر ئەندامانی لیژنەكە بڕیاریاندا لەسەر هەر كێشەیەك لە كێشەكان نەدا ئەوا هەر ئەندامێك كێشەكەی بەرەو ڕووی حكومەتەكەی دەكاتەوە، ئەم پڕۆژەیەش وا پێویست دەكات كە مافی ئاشوری و كلدانی و كەمەنەتەوەیی و ئایینیەكان لە خاكی كوردستاندا دەژین دیاری بكات،
بەندی (٦٣)حكومەتی توركیا پابەند دەبێت بۆ هەر بڕیارێك كەوا كۆمسیۆن دەریبكات كە لەبەندی (٦٢)ئاماژەی پێكراوە، دەبێت لەماوەی سێ مانگدا لەپاش دەركردنی بڕیارەكە جێبەجێیان بكات.
بەندی (٦٤) ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچە دەست نیشان کراوانە، کە لە بەندی ٦٢ دا هاتوون، داوایەکی پێشکەش بە کۆمەڵی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی نێو ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیاببنەوە و کۆمەڵەی نێوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پێسپێرێت و ئەمە بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو سپاردەیە جێبەجێ بکات و دەست بەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا، ئەم دەست بەردار بوونەش بە درێژی، بابەتێکی تایبەتی دەبێت لە نێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەست بەرداربووندا، کە بوو، هیچ بەرهەڵستییەک لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانی نێو هێنراوەوە، ناخرێتە بەرامبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی موسڵ دان و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتە سەربەخۆکەی کوردا یەکبگرن
رێككەوتننامەی سیڤەر زۆر بەڕوونی باسی لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی كردووە، دەبوو سیاستمەدارانی کوردی ئەوکات سارد نەبونایەتەوە لەگەڵ ئەو پاڵپشتیە نێودەوڵەتیە بۆ مافەكانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بونایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندە یاساییانەی کەلە پەیماننامەکەدا ھاتووە.چونکە لە ساڵێ ١٩٢٠ ەوە بۆ ١٩٢٣ کاتێکی زۆر گونجاوبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندانەی کە پەیوەندیداربووە بە دۆزی کوردەوە.
زیرەکی کەمال ئەتاتورک و سوود وەرگرتن لەو کەلکەکە لە سیاسی و سەربازییەی لە نێوان ڕووسیاو وڵاتانی هاوپەیمان هەبوو، هەروەها بەکارهێنان و گرنگی جیۆسیاسی وڵاتی تورکیا و غافلگیری سەرکردە کوردەکان و خیانەتی بەشێکی تریان بووە هۆکاری ئەوەی کە پەیماننای سیڤەر بگۆڕێت بۆ پەیماننای لۆزان و خەونی سەربەخۆیی کورد بۆ ماوەیەکی دوورتر دوا بخات.