پزیشكێك :”خواردنەوە وزبەخشەكان، منداڵان تووشی بەرزی خوێن، شەكرە، نەخۆشییەكانی دڵ دەكات”
شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
سەرەڕای ئامۆژگاری پزیشكان بۆ دوور كەوتنەوەیان لە خواردنەوەی وزە بەخشەكان و باسكردنیان لە مەترسییەكانی ئەو خواردنەوە لەسەر تەندروستی منداڵان، كەچی رۆژانە رێژەی ئەو منداڵانەی خویان بە خواردنەوە وزە بەخشەكانەوە گرتووە، لە زێدە بووندان، بۆیە پزیشكان هۆشداری بە باوان دەدەن بۆ ئەوەی منداڵەكانیان بە دوور بگرن لەو جۆرە خواردنەوەیە.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، لە لێدوانێكی تایبەت بە زاری كرمانجی دا، مەترسیەكانی خواردنەوە وزەبەخشەكان بۆ سەر تەندروستی منداڵان دەخاتەروو و دەڵێت” ماددە وزە بەخشەكان هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە وزەیەكی زیادە بە جەستە دەبەخشن، ئەمەش ناكرێت بە منداڵەكان بدرێت، لەبەر ئەوەی زیانێكی زۆریان پێدەگەیەنێت، یەكێك لەو زیانانەش ئەوەیە كە منداڵ خۆی پێوە دەگرێت، رێژەیەكی زۆریش شەكر و ماددەی زیادە وزەبەخشی تێدایە كە وا دەكات كار بكاتە سەر هەموو ئەندامەكانی لەش”.
گووتیشی” ئەم ماددە وزەبەخشانە بەهۆی رێژەیەكی زۆری كافاین و چەند ماددەیەكی تر، كاریگەری زۆر خراپیان هەیە، بۆ نموونە دەبێتە هۆی تێكچوونی لایەنی دەروونی و پەستان لەسەر منداڵ زیاد دەكات، بە تایبەتی پەشۆكی، خەمۆكی و ناراحەتی بۆیان، هەروەها هۆكاریشە بۆ چەندین نەخۆشی تایبەت لە دوارۆژدا وەك فشاری خوێن، شەكرە، نەخۆشییەكانی دڵ و كۆمەڵێك نەخۆشییەكانی دیكەی ماسوولكەی، كە وا دەكات منداڵەكە هەر لە تەمەنی بچووكی تا گەورەی توشیان ببێت، بەرگریان لاواز دەكات”.
روونیشی كردەوە” ئەم وزەبەخشانە وا دەكەن منداڵ خۆی پێوە بگرێت و پێویستی پێ بێت بۆ ئەوەی وزەی بداتێ، ئەمەش وا لە منداڵەكە دەكات گەر حەزیشی لێی نەبێت، بە ناچاری دەبێ بخواتەوە، هەموو ئەمانەش وا دەكەن مێشكی منداڵەكە لاواز ببێت و لە خوێندنیش دوا بكەوێت، جگە لەمەش چالاكیيەكانی رۆژانەش كەم دەبێتەوە و توشی تەمبەڵی دەبێ، بۆیە پێویستە منداڵ بە هیچ شێوەیەك خواردنەوە وزەبەخشەكان نەخواتەوە و هەوڵبدرێت بە هەموو شێوەیەك رێگری لێ بكرێت لە بەكارهێنانیان، مەترسی چەند زۆر بێت بۆ منداڵان، بگرە بۆ گەورەكانیش زیاتر مەترسی هەیە”.