زاری كرمانجی – هەولێر:
لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پشكنین و وەرگرتنی چارەسەر بۆ تووشبووانی تالاسیمیا، بێبەرامبەر دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی نیسانی 2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند:” لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە دۆخی تەندروستیی تووشبووانی تالاسیمیا و ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی خانەوادەكانیان، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجامدانی سەرجەم پشكنین و وەرگرتنی چارەسەرییە پزیشكییەكانی تووشبووانی تالاسیمیا لە تەواوی نەخۆشخانە حكومییەكان، سەنتەرەكانی دڵ و تیشك لە هەرێمی كوردستان، بێبەرانبەر ئەنجامدەدرێن.
دووپات لەوەكراوەتەوە، ئەم بڕیارەش لەپێناو ئەوەیە، كە سەرجەم تووشبووانی تالاسیمیا بە باشترین شێوە و بەخۆڕایی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی حكومەت، سوودمەند ببن.
تالاسیمیا، نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، کەسێکی تووشبووی نەخۆشییەکە، رێژەیەکی کەمتری خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی هەن، بەمەش بڕێکی کەمتری هیمگۆگڵۆبینی تەندروستی هەیە، “ئەو پڕۆتینەی رەنگ بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەبەخشێت و ئۆکسجین بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە دەگوازێتەوە”.
تالاسیمیا باوترین نەخۆشیی بۆماوەییە کە لە باوانەوە بۆ منداڵان، لە رێگەی بۆهێڵ “جین”ەکانەوە دەگوازرێتەوە.
چوار جۆری سەرەکی تالاسیمیا هەن کە ئەمانەن:
1- تالاسیمیای ئەلفا
2- تالاسیمیای بێتا
3- تالاسیمیای دەلتا
4- کۆمەڵەی ئەوانە
جۆرەکانی ئەلفا تالاسیمیا و بێتا تالاسیمیا سەرەکیترین جۆرەکانی نەخۆشییەکەن.





























































