ئیسماعیل ئیبراهیم
جەنگیزخان دوای ئەوەی نەیتوانی بەسەر دانیشتوانی شاری بوخارا سەركەوێت، نامەیەكی بۆ مەزنانی بوخارا نارد تێدا نووسرابوو ” ئەگەر خۆتان رادەست بكەن پارێزراو دەبن و كەستان ناكوژرێت”.
مەزنەكانی بوخارا دوای خوێندنەوەی نامەكەی بوونە دووبەش، بەشێكیان گووتیان بەرگری دەكەین و گرووپەكەی دیكەش خۆیان رادەستی جەنگیزخان كرد.
جەنگیزخان بە گرووپە رادەست بووەكەی گووت ” بڕۆن شاری خۆتان لە دەستی یاخییەكان رزگار بكەن، هەم لێتان خۆش دەبم هەمیش بەرپرسیارییەتی شار و ناوچەكە دەدەمە دەستی ئێوە، دوای شەرێكی قوورس گرووپی یەكەم كە خۆیان رادەست نەكردبوو، شكستیان هێنا و گیانیان لەدەستدا.
دوای ئەم رووداوە، جەنگیرخان فەرمانی كرد، سەری ئەو كەسانە بپەڕێنن كە خۆیان رادەست كرد بوو، كاتێ پرسیاری ئەوەیان لە جەنگیرخانكرد كە بۆ ئەم فەرمانەت دا لە وەڵامدا گووتی ” هەر كەسێك وەفای بۆ خەڵك و خاكی خۆی نەبێ، هەرگیز بۆ ئێمەی بێگانە وەفایان نابێت”.
خۆ رادەستكردن بە بێگانە و دوژمنان هەرگیز ئەنجامێكی باشی نابێت، ئەوەی تا ئێستا حكومەتی هەرێم بە سەركردایەتی سیاسی پارتی و سەرووی هەمووشیانەوە جەنابی مەسعود بارزانی كردوویانە لە باشوور، پەیوەندی بە پاراستنی كەڕامەت و شكۆی نەتەوە و نیشتمانەوە بووە.
هیچ كەس و لایەن بەقەد پارتی لە نێو جەماوەر نەبووە و باجی بابەتە نەتەوەییەكانی نەداوە، كەسیش بەقەد پارتی خەمی بژێوی هاووڵاتییانی نەبووە، بەڵام هەمیشە پارتی خۆنەچەماندن و شكۆی نەتەوەیی و تاكی كوردی پێ لە سەرووی هەموو بابەتەكانی دیكەوە بووە، لەبەر ئەوەی شەڕی سەدەكانی رابردووی كورد تا بە ئەمڕۆش دەگات شەڕی پارە و پۆست نەبووە، بەڵكوو شەڕی شكۆمەندی تاكی كورد بووە.
بۆیە ئەو رێككەوتنەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا كردی، دوا فیشكی بەغدا بوو كە بەرووی هەرێمی كوردستانی تەقاند، فیشەكێك كە دوای هەموو هێرشەكانی شۆفێزیمی عەرەبی و بە سیاسەتی پشت پەردەی فارس و تورك خرابووە نێو لوولەی چەكی دژە كوردەوە، بەڵام دواجار سەركردایەتی سیاسی كوردستان توانیان رێككەوتێك بكەن، بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی زیاتر بۆ سەر نەتەوەی كورد، بەمەرجێك شكۆی تاكی كورد وەك نەتەوە و خاكی كوردان وەك نیشتمان پارێزراو بێت، بۆیە ئەم رێككەوتنە ئەوەندە مەزنە كە جێگەی ستایشە، لەبەر ئەوەی پێگەی جوگرافی كورد هەستیارە و گۆڕانكارییەكان خێران و زۆر بوونی دوژمن و پیلانی ناحەزان ئەوەندە مەترسیدارن كە پێویست بوو ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی نیشتمان بهاوێژرێت.
پرسیارە ئاڵتوونییەكە ئەوەیە ئەی بۆچی زووتر ئەم رێككەوتنە نەكرا، وەڵامەكەش زۆر سادەیە، لەبەر ئەوەی پێشتر لە هیچ كام لە دانیشتنەكان شكۆی خاك و نەتەوە و مافە رەواكانی نەتەوەی كورد پارێزراو نەبوون، بەڵام ئێستا بە پێ دەستوور و رێككەوتنی سیاسی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەڵاتانی جیهان رێككەوتنێك كرا كە بۆ دۆخی ئەمڕۆ كوردستان و جیهان باشترینە بۆ نەتەوەی كورد.
ئەوانەشی پێیان وایە ئەم رێككەوتنە خۆ رادەست كردنە، تەنها مەبەستیان پەردەپۆشكردنی دۆخە ئاڵۆزەكەی نێو ماڵی خۆیانە، دەنا خۆڕادەستكردن واتە رووداوەكانی خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر، واتە هێنانی حەشد و پاسدارانی ئێران بۆ شارەكانی كوردستان و ناوچە كێشە لەسەرەكان، واتە خۆ بێ دەنگ كردن لە تەعریبی كوردان لە سنووری پارێزگای كەركووك.