گوندنشینێك: لە وەرزی هاوین بە ناچاری ئاو دەكڕێن
سۆران سرێشمەیی-خەلیفان:
بە گووتەی دانیشتوانانی بەشێك لە گوندەكانی ناحیەی خەلیفان لە سنووری ئیدارەی سۆران، ساڵانێكی زۆرە كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، چەندینجاریش داوایی چارەسەر ئەو گرفتەیان لە لایەنی پەیوەندی دار كردووە، بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە. بەڕێوەبەری ئاوی خەلیفانیش، دەڵێت: بە تانكەر ئاوی خواردنەوەمان بۆ ئەو گوندانە دابینكردووە و پڕۆسەكە بەردەوامی هەیە.
سالح پاشا، دانیشتووی گوندی لێڕەمیرە لە سنوری ناحیەی خەلیفان، سەبارەت بە گرفتی ئاوی خواردنەوەو داواكارییەكانی گوندەكەی بەزاری كرمانجی راگەیاند:” ماوەیەكی زۆرە بەدەست كێشەی نەبوونی ئاوی پاكەوە دەناڵێنین، سەرباری دابینكردنی ئاو لە ڕێگەی تانكەر و لەلایەن فەرمانگەی ئاوی خەلیفانەوە، بەڵام ئەمە نەبۆتە چارەسەری بنەڕەتی، بەتایبەتیش لە وەرزی گەرما ناچار بە ئاو كڕین دەبین، چەندینجاریش داوای چارەسەری ئەو كێشەیەمان لە لایەنی پەیوەندار كردووە كەچی بێ وەڵام ماوەتەوە.
ناشی شارێتەوە، ماوەیەك بەر لە ئێستا لەگەڵ چەند هاووڵاتییەك لە نزیكەوە سەردانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانمان كرد، بەڵێنی ئەوە درا كە هەرچی زووە ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت، دەشڵێ:”كێشەی كەم ئاوی لە گوندەكەمان نەك تەنها كاریگەی كردۆتە سەر هاووڵاتییان و دانیشتوانی گوند، بەڵكو قوتابیانیشی خستۆتە باروودۆخێكی ناخۆش چونكە تا ئێستاش قوتابخانەی لێڕەمیر ئاوی خواردنەوە و پاكی نییە، هەر لەڕێگەی ئەو تانكەرەی كە ئاو بۆ گوندەكەمان دەهێنێت، بەشێكی كەمی دەدرێتە قوتابخانەكە و جاری وایە ماوەی چەند ڕۆژێك قوتابییان بێ ئاو دەبن، هیوادارین تا وەرزی هاوین نەهاتووە و تووشی كێشەی زیاتر نەبوون، گرفتی كەمئاوی لە گوندەكەمان چارەسەر بكرێت..”
سەبارەت بە هەمان گرفت، فارس كاڕەسوڵ موختاری گوندی “ڕەشە گۆم”، لە دۆڵی”بیاوی سنوری ناحیەی خەلیفان دەڵێت:” لە گوندەكەمان و لە ئێستادا سێزدە ماڵ هەن، جاران ژمارەكە زۆر زیاتر بوو، بەڵام بەهۆی كەمی ئاوی خواردنەوە بەشێكیان بەرەو شار چوون و ناچاربوون دەستبەرداری هەوار و كارو كەسابەتی خۆشیان بن، ئێستاش ئەگەر چارەسەرێكی بەپەلە بۆ لێدانی بیرو ڕاكێشانی هێڵی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتوانی گوندەكەمان نەكرێت، ئەوا بە دڵنیایەوە ناچار دەبین بە تێكڕا بەرەو شوێنێكی دیكە كۆچ بكەین، بۆیە وەك پێشترو چەندینجار كە داوای لێدانی “بیر”ــمانكردووە بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە دژوارە ڕزگارمان ببێت كەچی هەر بێ وەڵام ماوەتەوە.
گووتیشی:” لە ڕێگەی زاری كرمانجی داوا لە لایەنی پەیوەندار دەكەین، ئاوڕێكی خەمخۆرانەمان لێبدەنەوە و بە هانای داخوازی ئێمەوە بێن و چارەسەری بنەڕەتی گرفتی كەم ئاویمان بۆ بكەن، تا بتوانین لە لە زێدی خۆمان درێژە بە ژیان بدەین، بەپێچەوانەوە بارودۆخمان بە جۆرێك خراپە، سەختە بتوانین بەو شێوەیە لە گوندەكەمان بمێنینەوە.”
لای خۆشیەوە، دڵێر ڕەشید بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی خەلیفان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ژمارەیەك گوندی سنووری فەرمانگەكەمان كێشەی ئاوی خواردنەیان هەیە، جگە لەوەی بە تانكەر ئاو بۆ سەرجەم ئەو گوندانە دابین دەكەین، بەڵام ئەمە بە چارەسەر نازانین، هەروەها چەندین جارو بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو گرفتە دەرخستەمان بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران و دەورووبەر كردووە، چەند جارێكیش نووسراومان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و خودی سەرپەرشتیار بەرز كردۆتەوە تا لە ڕێگەی لێدانی بیر و دابینكردنی ئامێرو كەرەسەتەی پێویست كێشەی كەمئاوی بە شێوەیەكی هەمیشەیی لەو گوندانە چارەسەر بكرێت.”
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی خەلیفان، دەڵێت:” بۆ ١٣ گوندی تر لە دۆڵی ئاڵانە و مەلەكا، هەروەها گوندەكانی سەرچیاو دۆڵی بیاو بیر لێدراوە، بەڵام بەهۆی دابینەكردنی هێڵی ڕاكێشان (بۆڕی)ــــیەوە تا ئێستاش هەر بە تانكەر ئاو بۆ ئەو گوندانە دابیندەكەین، ئەمەیش خەرجی و زەحمەتی زۆری دەوێت، ئەگەر بێت هێڵی گواستنەوەی ئاو(بۆڕی)ـــیان بۆ ببەسترێت بەشێكی زۆری هاووڵاتییان لە كێشەی كەم ئاوی ڕزگاریان دەبێت و چیتر پێویست ناكات بە تەنكەر ئاویان بۆ دابینبكرێت”.