ڕەیان ئەبوبکر
قۆناغی سێەمی زانستە کۆمەڵایەتیەکان فاکەڵتی پەروەردەی زانکۆی سۆران.
سەرەتای درووستبوونی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورک بەناوی “کەمالیزم”، بە ڕابەرایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دەگەڕێتەوە بۆ دەسپێکی لاوازبوونی خەلافەتی عوسمانی و دامەزراندن و بەهێزبوونی حزبی ئیتحادوتەرەقی تورک لە دوای ساڵی ١٩١٠ و ئامانجیشیان درووستکردنی دەوڵەتێکی تورکی بوو لە ناوەڕاستی تورکیاو ئەناتۆڵیا وەک یەکێک لە میراتەکانی ئیمڕاتۆریەتی عوسمانی.
بۆیەشە بەمەبەستی پێکانی ئامانجەکەیان کەمال ئەتاتورک پەیوەندیەکی زۆر باشی لەگەل کوردەکان چێکردبوو چونکە بۆ گەیشتن بە خەونەکەی پشتی بە کوردەکانی باکور بەستبوو بەو سیاسەتەی کە پەیرەوی دەکرد توانی بەشی هەرە پتری کوردەکان رازی بکات ، لەبەر ئەوەی “ئەنادۆڵ” تا رادەیەک دووربوو لە ناوەچەکانی ترو نەکەوتبووە ژێر دەستی هێزەکانی هاپەیمانان. وە هەر لەیەکەم هەنگاویدا چەمکی برایەتی کوردو و تورکی بەکارهێنا چونکە لەو ڕێگەوە دەیتوانی پلانەکانی بە سەرکەوتوی جێبەجێ بکات. پشتی بەکورد قایم کرد لەپێناو بەرژەوەندی خۆی، بۆ ئەوەی دژی بێگانە بووەستێتەوە و ناوچەی ئەنادۆل لە بێگانە پاک بکاتەوە، هەر لەسەرەتای شەڕی سەربەخۆیی بۆ تورکیای نوێ، مستەفا کەمال لەدژی فەرەنسا و یۆنان و ئیتالیا جەنگی بەرپاکرد.
ئەو سەرکردە سیاسی و سەربازییەی کە تا ئێستاش تورک شانازی پێوەکات بەگرتنبەری فێڵ یان هونەری سیاسەت کردن، لە لایەک ڕێزی خۆی بۆ ئیسلام و سوڵتان دەرخست، لە لایەکی تریش هەوڵی مسۆگەرتر کردنی هێزو پاڵپشتی کوردەکانی دەدا، بۆیەشە زۆر جار جلی کوردی دەپۆشی و سەردانی سەرۆک هۆزە کوردییەکانی دەکرد، بەجۆرێک سۆزی کوردەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو تەنانەت هەمیشە درووشمی ” کوردو تورک برای یەکترین و پێکەوە دژی یەک دووژمن دەنگین.”، بۆ ئەم بەمەستەش کۆنگرەی ئەرزەرووم لە ساڵی ١٩١٩ بەڕێوەچوو، نوێنەرانی کورد بەشداریانکردو بڕوایان بە بەڵێنە درۆینەکانی کمال ئەتاتورک کرد، گوایە ئۆتۆنۆمی بە کوردەکان دەدات و پێویستە کوردیش مافی خۆ ڕێبەری هەبێت.”، وە کاتێکیش سوپای یۆنان گەیشتە کەنارەکانی ئەزمیر، هەستی ئاینی لەلایەن کورد و تورک تەشەنەی کرد و ئاڵای ئیسلام بەرزکرایەوە لەهەمان کاتدا بەشێکی زۆری کوردەکان بەدەم بانگەشەی مستەفا کەمالەوە چون کورد و تورک بەیەکەوە بەرگریان دەکرد و ئازایانە دەجەنگان سەرەرای ئەمەش ئەرمەنەکان راپەرینیان بەرپاکرد و ناوچە کوردستانیەکانیان بە نیشتمانی خۆیان دەزانی ئەمە ترسی خستە دڵی کوردەوە لە لەدەست دانی ناوچەکانی بۆیە زیاتر پشگیری لە بزوتنەوەی کەمالی کرد. لە جەنگی ئینۆنۆ کوردەکان دەورێکی باڵایان بینی وە بە ئەندازەیەکی زۆر لە سوپای تورک سەربازەکانی کورد بوون کە رۆلێکی زۆریان هەبوو لە جەنگ و لەناو سوپادا تەنانەت یەکێک لە تیپە سوارەکانی کورد لە پێشەنگی سوپای تورکیادا بوون و سوپای یۆنانیان تێکشکاند، وە ژمارەیەکی زۆری کورد بەژداریان لە جەنگی ئەرمەنەکان کرد لە سوپای “کازم قەرەبگیر”، زۆربەیان لە کورد پێک هاتبوون کە سەربازی بەتواناو شارەزابون لە جەنگدا، وە سەرکردە تورکەکانیش ئاماژەیان بە رۆلی کورد کردووە لە جەنگەکاندا، ئەوەی جێگای باسە کورد لەپاڵ تورک ئاماژەی بەهەلوەشاندنەوەی سەرجەم بەندەکانی پەیمانامەی سیڤەر دەکرد کە پێیەوە پابەند نابن لەهەمان کاتدا سێ بەند لەم پەیمانامەیە پەیوەندیان بە پرسی کوردوە هەبوو کە کورد مافی خۆی هەیە دەوڵەت دروست بکات ئەگەر توانیان لە ماوەی یەک ساڵدا پارێزگاری بکەن و حکومی خۆیان بکەن ، کورد لەبری پارێزگاری کردن لە بەندەکانی پەیمانامەی سیڤەر کەوتنە دژایەتی کردنی، حەسەن خەیری یەکێک لە کوردەکان بوو کە بەجلی کوردی بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا دەکات و بەناوی سەرجەم کوردەکانی باکور قسە دەکات و دەڵێت:”کوردو تورک بران، بۆیە دەوڵەتێکی یەکگرتومان دەوێت و ئێمە هیچ جۆرە خود موختاریەکمان گەرەک نیە.”، ئەو سیاسەتەی مستەفا کەمال بەرامبەر بە کورد، مەبەست لێی جێبەجێکردنی ئەجێندا سیاسی و سەربازییەکانی بووی، تا دەوڵەتێکی نوێ بۆ تورکیای تازە بینادەکات، لە ڕاستیدا زیرەکی کەمال ئەتاتورک و سوود وەرگرتن لە هێزی کوردان و لە سەرەتادا پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نەرم و دواتریش هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامەی سیڤەرو گۆڕینی بۆ لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣، دەوڵەتێکی نوێ لە ناوەڕاستی ئەناتۆڵیا بەناوی دەوڵەتی تورکیای کەمالی لە دایک دەبێت و دواتریش کوردەکان وەک هەر جار پشتگوێ دەخرێن و مستەفا کەمال نەک تەنها لە بەڵێنەکانی پەشیمان دەبێتەوە بەڵکو هەوڵی پانکردنەوەی سەری سەرجەم ئەو کەسانە دەدا کە پێچەوانەی ڕوانگەی کەمالی هەڵسوکەوتی سیاسی و ئاینی و سەربازی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشیان دەنواند.
بەسەرەنجدان لە باروودۆخی ئەو سای تورکیا، تێدەگەین کە بەهۆی پەرتەوازەیی و ملشکاندنی یەکترو خیانەتکردنی بەشێک لە سەرکردە کوردەکان نەتوانرا سوود لەو دەرفەتە مێژووییە وەربگیرێت و جۆرێک لە خود موختاری بۆ ئەو بەشەی ووڵات درووست بکرێت، بۆیەشە پێویستە لەو ڕووداوە مێژوویانە تێبفکرین تا بۆ داهاتوو ببێتە وانەو پەند، تا لە داهاتوو سیاسەتی لەو چەشنە دووبارە نەبێتەوە.