دوای زیاتر لە سێ سەدە باڵادەستی، ئەمەریكا بڕیاری جەنگی دا
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
نیویۆركییەكان لە هەمبەر پاوانخوازی و باڵادەستی جرجەكان و وێرانبوونی سروشت و ژینگە و ماڵەكانیان، بڕیاری شەڕكردن و قڕكردنی جرجەكانیان راگەیاند.
زیاتر لە 335 ساڵ دەبێت، جرجەكان شان بە شانی دانیشتووانی نیویورك دەژن و رۆژ بە رۆژیش ژمارەیان لە زێدە بوون دایە، بە پێی دواین ئامار ژمارەی جرجەكان لە نێوان 3 بۆ 5 ملیۆن دەبێت.
هاووڵاتییانی ئەو شارە باس لە دزینی خواردنەكانیان دەكەن و ترسیان لەوە هەیە جرجەكان قەیرانی خۆراك و سەوزایی لە شارەكەیان دروست بكەن، چەندین جار و بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی لە نێو بردنی جرجەكان دراوە، بەڵام رێژەیان زیاتر بووبێت كەمتر نەبووە، بۆیە ئێستا بەرپرسانی ئەو شارە گەیشتونەتە ئەو باوەڕە كە ئیدی كۆنترۆڵی شارەكەیان لە دەستداوەو جرجەكان باڵادەستی خۆیان سەپاندووە و بە فەرمی شەڕی دژ بە جرجەكانیان راگەیاندووە.
سەرۆكی شارەوانیی نیویۆرك بۆ دەزگاكانی راگەیاندن قسەی كرد و دەڵێت: “نامانەوێت زەوتكارێكی وەكو جرج رۆژانە لەنێو ماڵەكانمان بمانتۆقێنێت. بۆیە رێگەم پێ بدەن ببمە یەكەم كەس، ئیمپراتۆری جرجەكانتان كۆتایی پێ بهێنم، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر هاووڵاتییانی شارەكەم نیگەران و ناڕەحەت نەكەن،”
ئێریك ئادام، سەرۆكی شارەوانیی نیویۆرك ئەوەش ئاشكرا دەكات كە چەند كەسێكیان بە مووچەی مانگانەی 1300 دۆلار گرتووە بۆ لە نێو بردنی جرجەكان.
دانیشتوویەكی نیویۆرك بۆ یەكێك لە رۆژنامەكانی وڵاتەكەی قسە دەكات و بە پێكەنینەوە دەڵێ: “جرجەكان ئەوەندە پیتزای ئێمەیان خواردووە، ماسوولكەیان پەیدا كردووە و وەكوو كەسانێك دەردەكەون كە وەرزشی ئاسن دەكەن و پشیلەش دەرەقەتیان نایەت و لەبەریان رادەكات.”
كاتلین كۆرادی، كە بەرپرسیاریەتی رووبەڕووبوونەوەی جرجەكانی پێ سپَیردراوە بە دەنگێگی گڕەوە دەڵێ : “لەمەودوا زیاتر من دەبینن و كەمتر جرج دەبینن.”