پشتیون كەریم-سۆران:
لێڵبوونی ئاوی بێخاڵ، چەندین گەڕەكی بێ ئاو كردووە و هاووڵاتییانیش بە ناچاری ئاو دەكڕن.
تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: بەهۆی زیادبوونی سەرچاوەی ئاوی بێخاڵ و لێڵبوونی سەرچاوەی ئاوەكە، چەند ڕۆژێك دەبێت نەمان توانیوە ئاو دابەش بكەین.
تەحسین سەعدوڵڵا، گوتیشی: گەڕەكەكانی شەهیدانی دێڵزیان، ئازادی، برایەتی، چەمی رێزان، باڵەكیان، مەجیداوە، كانی و بەختیاری ئێستا بێ ئاون، بەڵام دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر ئەمڕۆ دەست بە دابەشكردنی ئاو لەو گەڕەكانە دەكەینەوە.
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، ئاشكراشی كرد: بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت رێژەی لێلی ئاو لە پێنج بۆ دە پلە زیاتر بێت، بەڵام ئاوی بێخاڵ رێژەی 800 پلەی تێپەراندووە، بەڵام ئەمڕۆ ئەم رێژەیە بۆ 108 پلە دابەزیووە، بۆ ئەوەی ساڵانە ئەو دیاردەیە دووبارە نەبێتەوە پێویستمان بە پرۆژەیەكی گەورەی تەسفیەكرنی ئاو هەیە، ئەوەش تێچووەكەی دوو ملیار دینارە.