زاری كرمانجی – سۆران :
لە چەند رۆژی رابردوو شەپۆڵێكی باران بارینی بە خوڕ زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان گرتەوە و كە بەو هۆیەوە لە چەند ناوچەیەك لافاو دروستبوو و زیانی زۆرى بە هاووڵاتییان گەیاند، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی زیانلێكەوتووانی لافاوەكە قەرەبوو بكاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی هەماهەگی قەیرانەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاشكرای كرد نووسراو بۆ ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كراوە و خەریكی ئامادەكارین بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی ڕۆژانی ڕابردوو.
حسێن كەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان رایگەیاند: “نووسراومان بۆ ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی ھەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی خەمڵاندان بۆ زیانەكانی لافاوی ڕۆژانی ڕابردوو بكرێت و دواتر ئێمە ئاگادار بكرێینەوە بۆ ئەوەی بە نووسراوی فەرمی داوا لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بكەین بۆ ئەوەی دەست بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی لافاو بكرێت”.
گووتیشی: “ئەوانەی بەھۆی لافاوی ئەمساڵەوە زەرەرمەند بوون، لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە قەرەبوو دەكرێنەوە”.