زاری كرمانجی-سۆران
د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەكرە، باسی سوودە تەندروستییەكانی رۆژووگرتن دەكات و دەڵێت”یەك لە سوودە گرنگەكانی رۆژووگرتن دابەزینی كێشی لەشە، بە 8 كاتژمێر نەخواردن گەدە بەتاڵ دەبێ، جەستە بۆ بەدەستهێنانی وزەی پێویست پەنا دەباتە بەر ئەو گلوكۆزەی لەناو ماسوولكە و جگەردایە، بۆیە هەست بە شەكەتی ماسوولكەكان دەكەیت، دوای تەواوبوونی شەكری پاشەكەوتكراو ئینجا چەوری زیادە دەتوێتەوە هەر بۆیەش كێش دادەبەزێت، هەروەها كەسی رۆژوو بڕێكی زۆری كالۆری سەرف دەكات واتە 1200 كالۆری لە رۆژێكدا، ئەگەر خواردنیان تەندروست بێت نزیكەی چوار كیلۆ لە كێشیان دادەبەزێ، سەرەڕای ئەوانەی كە باسمان كردن رۆژوو گرتن جەستە لە پاشەڕۆ و ژەهراوی بوون پاك دەكاتەوە، واتە دووركەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەیەكی درێژ جەستە پاك دەكاتەوە لە ژەهر و ماددە زیانبەخشەكان، ریخۆڵەكان خاوێن دەكاتەوە و سوڕی خوێن چالاك دەكات.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” چەندین توێژینەوە ئەوەیان دەرخستووە كە رۆژووگرتن رێژەی چەورییە زیانبەخشەكانی دڵ و جگەر دادەبەزێنێت و رێژەی چەوری باش بەرز دەكاتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنانی چەوری پاشەكەوتكراوی ژێر پێست و سەر جگەر لەلایەن جەستەوە دوای تەواوبوونی شەكری پاشەكەوتكراو، هەروەها بەرگری لەش بەهێز دەكات، ئاستی دژە ئۆكسان و دژەهەوكردنەكانی وەكو IL-1b, IL-6, tumour necrosis factor زیاد دەكات، ئەمانەش كاریگەری باشییان هەیە بۆ كەم كردنەوەی مەترسی مردنی خانەكان، شێرپەنجەكان و تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و پاركینسۆن و ژمارەی خڕۆكە سپییەكان زیاد دەكات و خڕۆكە پیرەكان رادەماڵێت، بەمەش سیستەمی بەرگری بەهێزتر دەكات، هەرچەندە لە سەرەتایی بەڕۆژووبوون بەهۆی وشكبوونەوە، دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، تێكچوونی كاتی خەو و خواردن باری دەروونی تێك دەچێت، بەڵام وردە وردە كەسی بەڕۆژوو لەگەڵ ئەم بارە تازەیە رادێت، لە كۆتاییدا بەهۆی زیاد دەردانی هۆڕمۆنەكانی ئیندۆرفین، سیرۆتۆنین و بەهۆی تازەبوونەوەی خانەكانی مێشك، بەڕۆژووبوونی كاریگەری باشی دەبێ بۆ كەمكردنەوەی خەمۆكی، سترێس، دڵەڕاوكێ و هەروەها بەرزكرنەوەی ئاستی ئاگایی و تەركیز، لەلایەكی دیكەوە بەڕۆژووبون رێگەیەكی كاریگەرە بۆ چارەسەری حاڵەتەكانی دووركەوتنەوە لە جگەرە، كهول و ماددە هۆشبەرەكان.