دیدار-محەمەد هەسنانی
بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، لە دیدارێكی زاری كرمانجی، تیشكدەخاتەسەر كارو چالاكییەكانیان و بەرنامەو پڕۆژەی داهاتوویان، دەشڵێت: ” هیچ بوددجەیەك لە حكوومەت و هیچ كەسێك وەرناگرین، بەڵكوو ئەوەی هەمانە داهاتەكانی ناوخۆیی و هاوكاری لاینگرانمان لە ناوخۆ و دەروەو كۆمەڵێك پڕۆژەی وەبەرهێنانە.
ئیبڕاهیم بابان، بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” پرسی بە مەڵبەند بوونی سۆرانی حزبی شیوعی پێشوتر ورژێندرا بوو، دواتر لێرەوە پڕۆژەیەك پێشكەشكرا بۆ كۆنگرەی حەوتی حیزب، بەمەش كۆمیتەی ناوەندی راسپێردرا كە ئیش لەسەر كردنەوەی ئەو مەڵبەندە بكەن، لە هەمانكاتیشدا بە ئیدارەبوونی سۆران هۆكارێكی دیكە بوو، بۆ كردنەوەی مەڵبەندەكەمان دواجار لە 18ی3ی2023 بە شێوەیەكی فەرمی بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەكان و حیزب و لایەنە سیاسیەكانی ئیدارەی سۆران و نوێنەرانمان مەڵبەندەكەمان راگەیاند و پێشوازی گەرمی لێكرا، هەروەك پەیوەندی باشیشمان هەیە لەگەڵ حزب و لایەنەكانی دەڤەرەكە”.
دووپاتی كردەوە:” مەبەست لە راگەیاندنی مەڵبەندەكەمان زیاتر گرنگی دانمانە بە حیزب و ئەندام و لایەنگرەكانمان و پێشكەش كردنی خزمەت بە كۆمەڵگە بە گشتی لەناوچەكە، ئێمە وەك حیزبی شیوعی كوردستان مێژوێكی دێرینمان هەیە لە دەڤەرەكە، لە رووی پێگەی جەماوەری هەروەها رێژەیەكی زۆری شەهیدمان هەیە لە ناوچەكەو پێشمەرگەی دێرینی دیارمان هەبووە و كۆمەڵێك خانەوادەی دێرێنی شیوعیمان هەیە كە تائێستا لەسەر رێبازی حزبەكەیان ماونەتەوە، بەتایبەتیش لە سنووری قەزاكانی رواندز و باڵەكایەتی و بەگشتی ئێمە نامۆنین وەك حزبی شیوعی كوردستان لەدەڤەرەكە”.
بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، ناشی شارێتەوە:“ سەرەڕای ئەوەی بارەگای سەرەكی مەڵبەند و كۆمیتەیەكمان لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆرانە، كۆمێتەیەكی دیكەشمان لە قەزای رواندزە، بیریشمان لەوە كردووەتەوە كۆمیتەی دیكە لە شارو شارۆچكەكان بكەینەوە، بەتایبەتیش لە قەزای چۆمان كە رێكخستنی حیزب و ئەندام و لاینگرمان لەوێ هەیە، هەروەها كۆمیتەی ئافرەتانیش بكەینەوەو كار لەسەر ئەوە دەكەین رێكخستنەكانمان زیاتر فراوان بكەین”.
ئیبڕاهیم بابان، روونی دەكاتەوە، بەپێی یاسایی حیزبەكان لە حكوومەتی عێڕاقی 25% ئافرەت لە رێی كۆتاوە بەشدار دەبێت، بەپێی ئەوەی كە ستافەكەمان نۆ كەسیە دوو ئەفرەت لەناو ستافی مەڵبەندەكەمان هەیە، لە كۆمێتەی قەزاكانیش بە هەمان سیستەم ئافرەت بەشدارەو گرنگی پێدراوە”.
لەوڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێشبینی دەكەن بە راگەیاندنی مەڵبەند رێژەی ئاندامانیان زیاتر بێت؟ بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، دەڵێت:” پرسی بوژانەوە یان بەجەماوەری بوونی حیزب، پەیوەندی بەوەنییە ئایا ئێستا لەگەڵ رابردوو چۆنە، بەڵكوو بە هەل و مەرجەوە هەیە، بۆ نموونە كە پێشوتر ئێرە كۆمیتەی محەلی بووە، حیزب دەستكراوەتر بوو، لەبەر ئەوەی بوددجەی تایبەتی بەخۆیەوە هەبوو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دابەشی دەكرد بەسەر كۆمێتەوە و ئۆرگانەكان، بەمەش دەتوانرا زیاتر كاری حیزبی بكرێت، بەڵام دوای ئەوەی بودجەی حزبەكان راگیرا، ئەو داهاتەی كە خۆمان هەمانە تەنها بەشی هەندێ كاری ناوخۆیمان دەكات، لەرووی چالاكی حزبی و رێكخراوەیی، بەڵام واتای ئەوەش نییە كە هیچ هەنگاوێك ناهاوێژین، بەڵكوو بەدەڵنیاییەوە ئێمە حزبێكین هەم سیاسین هەم ئایدۆلۆژین، كە زۆربەی بیرۆكەكان لە سێكتەرەكاندا بیری چەپە كە حزبی شیوعی خاوەنداریەتی دەكات”.
ئەوەش دەخاتەڕوو، هەنگاوەكانی ئێمە بۆ ئیش كردن بۆ ئەوەنییە لەسەر حیسابی ئەوەبێت ئایا ئێمە چەند پارەمان لەدەستە و چەند كەس لە رێگەی پارەوە دێنینە رێزی حزبەكەمان، بەڵكو ئێمەستافێكین لە بیری ئایدەڵۆژیاوە كاردەكەین، ئەگەر ئێمە پارە دابەش بكەین بەدەیان گەنج هەیە بە بێكاری دەسوڕێتەوەو دەتوانین بیانهێنینە رێزی حزبەكەمان، بەڵام دروشم و پەیامی ئێمە ئایدەلۆژیایەو فكرەو تێگەیشتنە نەك دەسكەوتی ماددی و بەرژەوەندی، دەمانەوێت زۆرترین جەماوەر دۆستایەتیمان بكات بۆ ئەوەی ئایدەلۆژیا و فكرەمان بخوێنێتەوەو بزانێت ئایا ئامانجی سەرەكی ئێمە چییە لە سیاسەت كردن، لەهەمانكاتیشدا گەشبینین بە راگەیاندنی مەڵبەندەكەمان ئەندام و لایەنگری زیاتر بەدەست بهێنین و دەست كراوەتر بین”.
ئیبڕاهیم بابان، ئاشكراشی دەكات:” لە ئێستادا ئێمە هیچ بوددجەیەك لە حكوومەت و هیچ كەسێك وەرناگرین، بەڵكوو ئەو داهاتەی هەمانە بۆ بەڕێوەبردن و چالاكی سیاسی حیزب بریتییە لە داهاتەكانی ناوخۆیمان هەروەها هاوكاری لاینگرانمان لە ناوخۆ و دەروەو كۆمەڵێك پڕۆژەی وەبرهێنانی بچووك بچووكیش هەیە، بەمەش حیزب توانیویتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و درێژە بەكاری سیاسی بدات، بەمەش كە حزبی شیوعی راگەیاندنێكی بەهێزی نییە یان نەیتوانیووە وەك پێویست هاوكاری ئەندام و لاینگرانی بكات، هەمووی پەیوەندی بە دۆخی خراپی دارییەوەیە، هەرچەندە وەك حیزب دەمانتوانی پارە لە درەوە یان لایەنێكی ناوخۆیی وەربگرین، تەنانەت ئۆڤەری گەورەش پێشكەش بە حیزب كرا لەم رووەوە، بەڵام هەمووی رەتكرایەوە بۆ ئەوەی نەكەوینە هەڵەی سیاسییەوە”.
بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان، دەشڵێت:” پێشتر رادیۆیی ئازادی تایبەت بە حیزبەكەمان لە شاری سۆران هەبوو، بەهۆی چەند هۆكارێك راگیراوە، بەڵام دوای راگەیاندنی مەڵبەندەكەمان لە بیرۆكەماندا هەیە دووبارە جارێكی دیكە پەخشەكەی دەست پێبكەینەوە، چونكە هەم كارەكانمان فراوانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا كادری زیرەك و لێهاتووی راگەیاندنمان هەیە، زۆربەی پێداویستییەكانی رادیۆكەشمان تا ئێستا ماون، بەهیواین بتوانین لەداهاتوودا كاری لەسەر بكەین و دەست بكرێتەوە بە پەخشی رادیۆی ئازادی زمانحالی حیزبی شیوعی لە ئیدارەی سۆران”.
لەدوا قسەكانیدا ئیبڕاهیم بابان، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت، لە شێوازی هەڵبژاردن بەشێوەی چوار بازنەیی و پێی وایە، لەم نێوانەدا پێكهاتەكان زیانمەندی یەكەم دەبن و دەڵێ:” خوازیار بووین هەڵبژاردن بەشیوەی یەك بازنەی بووایە، چونكە دابەشبوون و كران بە چەند بازنەیەك لە بەرژەوەندی هەندێ حزب و پێكهاتەكاندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن زۆر بە گرنگ دەزانین و بەهیواین بە شێوەی سەركەوتووانە بەڕێوەبچێت”.