زاری كرمانجی – سۆران:
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایدەگەیەنێت،:” بە مەبەستی بەرز راگرتنی رۆژی ژینگەی كوردستان، بە دروشمی ” ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە” لەژێر چاودێری هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەو رۆژە بە چالاكی بەرز رادەگیرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشكراشی كرد:” سبەی یەكشەممە 16ی نیسان، لە پاركی قوتابخانەی دواناوەندی سۆرانی نمونەیی، فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری بارزان، رۆژی ژینگەی كوردستان لە ئیدارەی سۆران بە ئەنجامدانی چاڵاكیی جۆراوجۆر بەرز رادەگرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، چالاكی رۆژی ژینگەی كوردستان لە سۆران، كاتژمێر 30: 10 خوولەك دەستپێدەكات، كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدرێت.
پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (5)ی رێكەوتی 7ی نیسانی 2008، بە بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2008، رۆژی 16 نیسانی هەموو ساڵێكی بە رۆژی ژینگەی كوردستان دیاریكرد.
دیاریكردنی رۆژی 16ی نیسان ساڵی 1987 وەك رۆژی ژینگەی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتی یەكەم هێرشی چەكی كیمیایی لە لایەن رژێمی بەعس كە كرایە سەر گوندی شێخ وەسانانی دۆڵی بالیسان و گوندەكانی كانی بەرد، چیای دەرشیر، زینی بەڵاڵوكاوە و ناوچەی ساوسێوكان، ئەمەش بووە كارەساتی تێكدانی ژینگەی كوردستان و تێیدا دەیان هاونیشتمانی بوونە قوربانی و شەهید بوون و چەندان سەر ئاژەڵ و دارودرەختی ئەو ناوچانەش سووتان و لەناوچوون.