زاری كرمانجی – سۆران :
دوای ئەوەی بافل تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی لە ساڵیادی كارەساتی ئەنفالدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە خەمسارد ناوبرد دەرهەق بە خزمەتكردنی كەسوكاری ئەنفالكراوان، پەرلەمانتارێكی پارتی لە وەڵامدا بە بیر هاوسەرۆكەكەی یەكێتیی دەهێنێتەوە كە لە هەموو كابینەكاندا بەشداربوونە و دەووری كاریگەرییان هەبووە، بۆ ئەو كات خزمەتی گەرمیانییەكانیان نەدەكرد، دهشپرسێ بۆچی لە تاڵانی نەوتی گەرمیان و پەروێزخاندا شتێكیان بۆ كەس و كاری ئەنفالكراوان نەكردووە ؟
وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی فراكسیۆنی زەرد لە وەڵامی پەیامەكەی بافل تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی كە لە ساڵیادی كارەساتی ئەنفالدا بڵاوی كردەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە خەمسارد ناوبردبوو كە خزمەتی كەسوكاری ئەنفالكراوانی نەكردووە دەڵێ: “بافل بیری چووە لە هەموو كابینەكاندا خۆیان بەشدار بوون چ وەك سەرۆكی حكومەت و چ وەك جێگر،”
ئەوەش دەڵێ: “جەنابتان لەتاڵانی نەوتی گەرمیان و پەروێزخان چیتان بۆ كردون ؟ دەی ئەوێ سنوری خۆتانە، ھەرخۆتان جاروبار دەڵێن گەرمیانی ھەمیشە سەوز ! ئەی بۆ تۆزێ لە دروشم دەرناچن و تەنھا كەمێك ئاوڕ لە كەسوكاری ئەنفالكراوان و شەھیدان بدەنەوە؟ ئێستا گەر حكومەت خەمساردە ئەوێ قەڵەمڕەوی خۆتانە بەحساب ئەی بۆ یەخەی قوباد ناگری! یان بۆ ھەمیشە لەیادەكاندا لەبری خزمەت چەواشە دەكەن. بڕۆرەوە ژورەوە مەبەستم شێتخانەكەی خۆتە! خەڵك باش تێتان گەشتوە، ھەرخۆی سندوقی دەنگدان ئەمجارە پێت دەڵێ كە قسەكانت چەند رەواجیان ھەیە.”