شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی هەناو و شەكرە، زیانەكانی خواردنی بەپەلە دەخاتەڕوو و دەڵێت:” خواردنی بەپەلە دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش و خراپی هەرسكردنی خۆراك، بەڵام كاتێ بەهێواشی خواردن دەخورێت باشتر هەرس دەكرێت و بە ئاسانی كێشت دادەبەزێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە تێربوونی زیاتر دەكرێت لە هەر ژەمێكدا.
د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەكرە، بۆ زاری كرمانجی گووتی:” نان خواردنی بەپەلە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستی، زۆر لە توێژینەوە زانستییەكان باسی مەترسییە تەندروستییەكانی بەپەلە نان خواردنیان كردووە، توێژەرەوەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە نان بەهێواشی بخۆی و پاروو جوان بجوی و هەر نان خواردنێك بەلایەنی كەمەوە 20 دەقەی پێ بچێ.
ئەو پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەكرە، دەڵێت:” مەترسییەكانی بەپەلە نان خواردن بریتین لە نەخۆشی شەكرە، بەپێی راپۆرتێكی مێدیكال دەیلیی بەریتانی، بەپەلە نان خواردن مەترسی تووشبوون بە شەكرە زیاد دەكات، چونكە خواردن بەخێرایی هەستی تێر نەبوون بە كەسەكە دەبەخشێ و بەمەش كەسەكە خواردنی زیاتر دەخوات و هاوسەنگی ئاستی گلوكۆزی خوێن، رێژەی ئەنسولین تێك دەچێ و دەبێتە هۆی شەكرە.
-لە توێژینەوەیەكی زانستی زانكۆی هێرۆشیمای یابانی، دەركەوتووە كە خواردی بە پەلە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك زیاد دەكات، هەروەها خواردن بەخێرایی مەترسی بەرزەفشاری خوێن و چەوری خوێن زیاد دەكات.
-ئەم پزیشكە، دەشڵێت:” خواردن بەخێرایی واتە خواردنی بڕێكی زۆر هۆكارە بۆ قەڵەوی، چونكە گەیشتنی پەیامی تێربوون بە مێشك 20 دەقەی پێویستە بۆیە هەتا خێراتر نان بخۆی مەترسی قەڵەوی زیاتر دەبێت، هەروەها بەپەلە خواردن و قوتدانی پارووی نەجوراو دەبێتە هۆكاری تووشبوون بە ترشەڵۆكی گەدە، كە ئەمەش دەبێتە هۆی دڵەكزێ، ئازاری گەدە، هەرس نەكردن، قەبزی و سك باكردن، كاتێك بەپەلە نان دەخۆیت بەتایبەتی لەفە و خواردنی فاست فوود، زۆر هەست بە تامی خواردنەكە ناكەیت واتە ئەگەر خواردنەكەش تێكچوبێت زۆر هەستی پێناكەی و دوور نییە تووشی ژەهراوی بوونی خواردن بیت”.