شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
لە هەندێك حاڵەتدا گازگرتنی سەگ زیانێكی زۆری هەیە، لەم رووەوە پێویستە بزانن كە مەترسی پەلاماردان و گازگرتنی سەگ تا رادەیەك جدییە و تەنانەت هەندێك جار دەبێتە هۆی لەناوچوونی خانەكانی شوێنی تووشبوو بە توندی، جگە لەمەش دەمی سەگ سەرچاوەی سەرەكی بەكتریایە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بە گازگرتنی سەگ بڕێكی زۆر لە بەكتریا بچێتە ناو جەستەوە و كەسەكە تووشی نەخۆشی سەخت ببێت.
د. محەمەد حەسەن، دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” گازگرتن و پەلاماری سەگ مەترسییەكی گەورەی هەیە لەسەر منداڵان، مەترسییەكان بریتین لەمانەی خوارەوە:
- برینداركردنی جەستەی منداڵ.
- شكاندنی ئێسك.
- پارچەكردنی ماسوولكە و بەستەرەكان.
- لەوانەیە گازگرتنەكە كار بكاتە سەر مێشكی منداڵ و ئەو كات كوشندەیە.
- زیانگەیاندن بە دەمارەكان.
- لە ئەنجامی ترسی زۆر و تۆقین ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و هی تر زیاد دەكات.
جگە لەمانە مەترسی گەورەتری پەلاماری سەگ، گواستنەوە و هەوكردنی بەكتریا و ڤایرۆسی جۆراوجۆر و ترسناكە بۆ منداڵ لەوانەش:
هاری، كوزاز، ڤایرۆسی نۆرۆ و چەندین جۆری تر كە ژیانی منداڵ دەخاتە بارودۆخێكی قورس و ئەستەمەوە، كە بەداخەوە ئەو سەگە بەڕەڵایانەی لە وڵاتی خۆمان هەیە و ترسی زۆریان بڵاو كردۆتەوە هیچیان كوتان و چاودێری تەندروستییان لەسەر نییە، بۆیە گازگرتن و پەلاماری ئەوان مەترسی لەسەر منداڵ ئێجگار گەورەترە، بۆیەش داوا لە وەزارەتی تەندروستی، ژینگە، لایەنی بەرپرس، مافی ئاژەڵان و مافی مرۆڤ دەكەم ئەو مەترسییە رابگرن و ئاژەڵەكانیش شوێنی تایبەتیان بۆ دابین بكەن.