زاری کرمانجی – سۆران :
تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” بەهۆی زیاد بوونی سەرچاوەی ئاوی بێخاڵ و لێڵبوونی سەرچاوەی ئاوەکە، لە پڕۆژەی زار گەلی بۆماوەیەک ناتواندرێت ئاو لەچەند گەڕەک و شوێنێکی قەزای ناوەندی سۆران و ناحیەی دیانا دابەشبکەین.
تەحسین سەعدوڵڵا، ناوی گەڕەک و ئەو شوێنانەشی راگەیاند کە بێ ئاو دەبن لەوانەش: سنووری ئازادی، شەهیدانی دێڵزیان، ئازادی، برایەتی، بازاڕ، دێڵزیان ، چەمی رێزان ، باڵەکیان ، مەجیداوە، کانی، بەختیاری ، ئەمانە ئەو گەڕەک و شوێنانەن کەوا دەکەونە سەر پڕۆژەی زار گەلی و بەهۆی لێڵبوونی سەرچاوەی ئاوی بێخاڵ ناتواندرێت ئاویان بەسەر دابەشبکرێت”.
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران گووتیشی” ئەمڕۆ تیمەکانمان چوونەتە بێخاڵ بۆ پشکنینی ئاوەکەوەودەرکەوت بە هۆی زۆربوونی سەرچاوەی ئاوی بێخاڵ ناتواندرێت ئاو دابەشبکرێت ، چونکە ئەو ئاوە سوودی نابێت و خەزانەکان و تانکی ماڵانی هاووڵاتییان پیس دەبێت بەهۆی زۆری لێڵی ئاو، گەر ئاوەکە لەسەرچاوەی سەرەکی خۆی ئاسایی نەبووەوە دەبێت بە تانکەر ئاو دابەش بکەین بەسەر ماڵان.