زاری كرمانجی – سیدەكان:
قایمقامی قەزای سیدەكان، رایدەگەینێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام داوای لە پەكەكە كردووە، لە گوند و ئاواییەكان دوور بكەنەوە تا چیتر خەڵكی ئێمە بەهۆی ململانێی ئەوان و توركیا زیانیان پێ نەگات.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەكان بەوەكالەت، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای دەكات: بەهۆی ململانێی سیاسی و شەڕ و پێكدادانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا، لە سنووری قەزای سیدەكان زیاتر لە 100 گوند چۆڵكراون و ناتوانین هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەو گوندانە جێبەجێ بكەین، لەگەڵ ئەوەی خەڵكێكی زۆری سنوورەكەمان شەهید و بریندار وبوونە و زیانی زۆری ماددیشیان بەركەوتووە، لە رۆژانی رابردووشدا، بەهۆی دانانەوەی بۆمبی چێندراو لەلایەن پەكەكەوە سێ هاووڵاتی كە بەمەبەستی هێنانی گژوگیای بەهارە روویان لە ناوچەی گەرووی سنگان لە سنوورەكەمان كردبوو، بۆمبە چێندراوەكەیان پێداتەقیەوە، سەرباری زیانی زۆر بە ئۆتۆمبێلەكە كەوت، بەخۆشیان بە سەختی بریندار بوون، ئەمە لە كاتێكدایە ساڵانی رابردوو پەكەكە چەندین بۆمبی چێندراویان لەسەر رێگەی هاووڵاتییان و كاسبكاران دانابووەوە و وقوربانی و زیانی زۆری هەبووە.
ئیحسان چەلەبی، دووپاتی كردەوە، ئێستا كاتی كۆكردنەوەی گیا بەهارییەكانە، بەشێكی زۆری هاووڵاتییانیش بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم كارەیە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی كە هەیە وەك پێویست ناتوانن سوودی لێ ببینن، چونكە كوێستان و ناوچە سنوورییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی پێشمەرگە ئارام نین و پێویستە ئاگاداری خۆیان بن.
گووتیشی:” وەكو یەكەی كارگێڕی ئامۆژگاریمان داوەتە گوندنشین و كاسبكار و هاووڵاتییان، كە سەردانی ناوچە سنوورییەكان نەكەن بۆ ئەوەی زیانی گیانی و ماددیان بەرنەكەوێت”.