مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ ی نیسان ی ٢٠٢٣، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا یەكێك لە پلانەكانی داهاتووی وەزارەتەكەی ئاشكرا كرد كە لە جیاتی ئارد، سەموون یان نان دابەشی سەر هاووڵاتییان دەكەن .
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی بازرگانی عێراق هاتووە :”بەگوێرەی ئەو پلانەی كۆمپانیای گشتیی بەرهەمهێنانی ئارد سەر بە وەزارەتی بازرگانی دیاری كردووە، سەرەتا لە چەند ناوچەیەكی شاری بەغدای پایتەخت دابەشكردنی نان و سەموونەكان بەشێوەی تاقیكردنەوە ئەنجام دەدەن.”
هەروەها ڕایدەگەینێت ئەو كارەیان ئارەزوومەندانەیە و بە ناچاری نییە و دەڵێ :”ئێستا بەشێكی زۆری هاووڵاتییان ئارد لە بریكارەكان وەرناگرن و پێیان دەفرۆشنەوە، ئەوانیش بە نرخێكی هەرزان لە بازاڕەكان دەیان فرۆشنەوە. بۆیە بیرمان لە كارێكی ئاوا كردووە بۆ سوودی هاووڵاتیان،”
وەزیری بازرگانی عێراق پێشتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كردبوو كە بۆ هەر مانگێك بڕی 600 سەموون یاخود نان دەدەن بە هەر تاكێك، هاووڵاتییانیش لە ڕێگەی فۆڕمی خۆراكەوە نان و سەموونەكان وەردەگرن.