سەردار قازی – سۆران:
لە وەرزی بەهار بازاڕی گژوگیا بەهارییەکان گەرم دەبێت، ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی ناوچە کوێستانییەکان بژێویان دەکەوێتە سەر ئەو بازاڕە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دوای بەدواداچوونێکی زاری کرمانجی، و بڵاوکردنەوەی ئاماری قوربانیانی مین (کە زۆرترین قوربانیانی مین کۆکەرەوەی گژوگیا بەهارییەکانن)، گوندنشینان ئەو ناوچانەی دەوڵەمەندن بەو ڕووەکە خۆڕسکانە هەڵسان بە داخستنی ڕێگای کوێستانەکانیان بەڕووی ئەو کەسانەی گیای بەهاری دەکەن (کەوشەنان) و ئەرکی ئەوانی قورستر کرد.
گوندی دەرگەڵەی سنووری قەزای ڕواندز، دەستپێشخەریان کرد لە دانانی بەربەست و داخستنی ڕێگا بەرەو چیای کارۆخ، دواتر وەرتێ و ژمارەیەک کوێستانی دیکەشی گرتەوە.
داخستنی ڕێگەی کوێستانەکان، نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گیا بەهارییەکان.
فاخیر محەممەد، پتر لە 15 ساڵە کاری میوە و سەوزە فرۆشی دەکات و پشتڕاستی دەکاتەوە، کە نرخی گیا بەهارییەکان جێگیرن.
فاخیر بەزاری کرمانجی گووت: “کیلۆی کەنگر 3 هەزارە، ئەسلێرکە بە 750 و، یەک دەسکی هەندرێشە 2 هەزارە. نرخەکان هەر وەک پێش داخستنی ڕێگەکانن.”
فاخیر ئاماژە بەوەش دەکات: “کەوشەنەکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان، ڕاستە ڕێگەی ئۆتۆمبێل داخراوە، بەڵام بەشێکیان بە ماتۆڕسکیل دەڕۆنە کوێستانەکان، یانیش لەو کوێستانانە دەیهێنن کە ڕێگەیان نەگیراوە.”
بەشی زۆری گیا بەهارییەکان دەکەونە دەڤەری باڵەکایەتی و سنووری قەزای مێرگەسۆر و دەڤەری برادۆست و کەمترین ماوەی بازاڕکردنی هەیە .