ڕووداوەکانی ژەهراوی بوونی قوتابییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ماوەی نزیکەی مانگێک دەبێت ژەهراویبوونی بە کۆمەڵی قوتابییان لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە جێگەی نیگەرانی کوردانی ئەم بەشەی نیشتمان و چالاکوانانی مەدەنیش ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕووداوی ژەهراویبوونی قوتابییان دەستی دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانی تێدایە و قوتابخانەکان کیمیاباران دەکات.
ژەهراویبوونی قوتابییان لە شارەکانی سەقز، سنە، دیواندەرە و ورمێیە، دەنگی ناڕەزایی هاووڵاتییانی ناوچەکەی زیاتر کرد و داواکارن لە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ ڕووداوی کیمیابارانکردنی قوتابخانەکان بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە دوێنێ یەکشەممە 9 ی نیسانی 2023 بڵاو كراوهتهوه، شەش قوتابخانەی کچان بە ناوەکانی چەمران، مێعراج، تاڵقانی، سومەیە، بینتولهودای سەدر و ئیستقلال لە شاری سەقز کەوتوونەتە بەر هێرشی کیمیایی و بەم هۆیەشەوە لایەنی کەم 85 قوتابی گەینراوەنەتە نەخۆشخانەکانی (خومەینی و شەفا و تامین ئیجتماعی) کە ڕەوشی تەندروستی 20 لە قوتابییەکان خراپە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتەکە، هەمان ڕۆژ چەندین قوتابخانەی تری کوڕان و کچان لە ناوچە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی ئەم هێرشە کیمیایە، وەک قوتابخانەی ٢٤ کاتژمێری عیسمەت بەشی زەرینە لە شاری دیواندەرە قوتابخانەکانی بەهمەنی و جەماران بۆ کچان لە شاری سنە و هونەرستانی کوڕانەی موتەهەری لە شاری ورمێیە.