مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
لەم هەفتەیە چاپکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بەشە خۆراک دەست پێ دەکات، بۆیە وەزارەتی بازرگانی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات ڕوو لە ناوەندەکانی تایبەت بەو سیستەمە بکەن و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، کارتی ئەلیکترۆنی بەشە خۆراکی هاووڵاتییان دروست دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی پارێزگاکانی عێراق سەرپشککراون بۆ چاپکردنی کارتی ئەلیکترۆنییەکە.
وەزیری بازرگانی عێراق داوا لە هاووڵاتییانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەکات کە بە زووترین کات زانیارییەکانیان لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە ناوەندەکانی تایبەت بە کارتی ئەلیکترۆنی بەشە خۆراک نوێ بکەنەوە، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە دامەزراوە و باس لەوەش دەکات کە سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی بەشە خۆراک ئاسانکاری لە گواستنەوە و زیادکردنی ئەندامانی خێزانەکە فەراهەم دەکات و ئەمەش یەکەمین هەنگاوە بۆ گۆڕینی حکومەت بە حکومەتێکی ئەلیکترۆنی.
ئەسیر غەریری ئاشکراشی دەکات: “لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کۆمەڵگەی بازاڕکردن دەکەینەوە و خۆراک بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکەین.”