سەردار قازی ـ رواندز:
نزیكەی 40 رۆژ پێش ئێستا ئەستێرەیەكی درەوشاوەی تۆپی پێی رواندز، ژیانئاوایی كرد و كەلێنێكی گەورەی خستە وەزرشی دەڤەرەكە.
شەفیق عەلی باویل، لە ساڵی 1956 لەشاری رواندز لەدایك بووە و هەر زوو ئیشقێك بە تۆپەوە گرێی دەدات و لە هەڕەتی لاویەوە دێتە نێو جیهانی تۆپی پێ، لە سەكۆی وەرزشییەوە خزمەتی تۆپی پێی دەڤەرەكە دەكات.
بڕیارە رۆژی پێنج شەممە 15ـی ئەیلوول 2022، كاتژمێر 30 : 2 خولەكیی دوای نیوەرۆ لە هۆڵی رۆشنبیری رواندز مەڕاسیمێك بۆ چلەی ماتەمینی ئەو وەرزشوانە دێرینەی رواندز بەڕێوەبچێت.
شەفیق عەلی، ناوەڕاستی مانگی حوزەیران بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی گەدەوە ماوەیەك لە نەخۆشخانەكانی باشووری كوردستان لەژێر چاودێری پزیشكان مایەوە، بەهۆی تێكچوونی بارودۆخییەوە لەسەرەتای ئەم مانگی رابردوو گواسترایەوە وڵاتی توركیا و لە 8 ـ ی ئاب لەوێ كۆچی یەكجارەكی كرد و بۆ هەمیشە چاوی لێكنا.
رۆژی 10 ى ئاب تەرمەكەی گەڕێندرایەوە باشووری كوردستان، لەمەڕاسیمێكی شایستە بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر لەسەرجەم چین و توێژەكان لە زێدی خۆی و لە گۆڕستانی گەردەگەرد سپاردەی خاك كرا و دوای خۆی مێژوویەكی دێرین و پڕ لەسەروەری جێهێشت.