شەهلا رەشید- سۆران
ماوەی دووگیانی یەكێكە لە قۆناغە هەستیارەكان، چونكە خۆراك و تەندروستی دروست لەم ماوەیەدا نەك تەنها بۆ دایكەكە گرنگە بەڵكو بۆ كۆرپەكەش زۆر گرنگە، هەروەها لە ماوەی دووگیانی دا لەوانەیە خۆراكەكان مانگ دوای مانگ گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، بۆیە پێویستە هەموو خانمانی دووگیان هەستیار بن بەرامبەر بە خۆراكەكانیان و نەك هەر رێنمایی خۆراكە قەدەغەكراوەكان وەربگرن.
د. كاوە عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و تازە لەدایكبووان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لەماوەی دووگیانی دا پێویستە دایكان خواردنە باش و تەندروستەكانی وەك پڕۆتینەكان، ڤیتامین، كاربۆهیدرات و بەشێك لە چەوری رۆژانە بیخۆن، بەڵام نابێ خواردنە شیرینەكانی وەك شەكر، پاقڵاوە و چا بخۆت و بخواتەوە، چونكە ئەمانە دەبنە هۆكاری زیان گەیاندن بە كۆرپە و لاوازی دەكات، هەر ئەم خواردنە زیانبەخشانە هۆكارن كە منداڵی تازە لەدایكبوو لاواز و كورتەباڵا دەردەچن، دەگمەنن ئەم منداڵانەی كاتێ لەدایك دەبن لە 50 سم زیاتر بن و زۆربەیان لە خوار ئەم رێژەیەن.
گووتیشی” هەموو ئەم منداڵانەی كە لاوازن هۆكارەكەی بۆ خواردنی دایكەكە دەگەڕێتەوە، بۆیەش پێویستە هەموو دایكێك لە ماوەی دووگیانی دا زیاتر گرنگی بە خواردن و خواردنەوەكانی بدات بۆ ئەوەی منداڵێكی تەندروست لە دایك ببێت.