زاری کرمانجی – تەکنەلۆژیا
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ئینستاگرام تایبەتمەندی و توانای نوێی خستۆتە بەردەستی بەکارهێنەرانی بەهۆی ڕکابەری توندی لەگەڵ تیک تۆک. ئێستا دەوترێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بژاردەیەکی نوێ دەخاتە ڕوو بۆ بەکارهێنەران کە ڤیدیۆکانی Reels ڕاستەوخۆ لە ئەپی ئینستاگرامەوە دابەزێنن.
لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ یەکەمجار تایبەتمەندی Instagram Reels ناسێندرا بۆ ئەوەی بەکارهێنەران و بازرگانەکان بتوانن بۆ کارە جۆراوجۆرەکانی وەک نمایشکردنی بەرهەمەکان یان تەنانەت هاوبەشکردنی ئارەزوو و خولیاکانیان بەکاریبهێنن. بەڵام نەبوونی بژاردەیەک بۆ دابەزاندنی ڤیدیۆکانی Reels بەکارهێنەرانی ناچار کردووە بۆ ئەم مەبەستە ئەپی لایەنی سێیەم بەکاربهێنن.
بەپێی وێنەیەک کە بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی Reddit بڵاویکردووەتەوە، وادیارە ئینستاگرام کار لەسەر تایبەتمەندییەک دەکات کە بژاردەیەک بە بەکارهێنەران دەدات بە ناوی “turn on download” بۆ ئەوەی بتوانن ڕاستەوخۆ لە خودی ئەپەکەوە ڕێڵەکان دابەزێنن.