د. هەڤین كەمال، پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج
وەرزش كردن یەكێكە لەو رێگە سەرەكییانەی كە بەكار دێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئازاری دەمار، ماسوولكە و جومگەكان، بۆیە گرنگە رۆژانە وەرزش ئەنجامبدرێت تەنانەت لە مانگی رەمەزانیشدا، هەرچەند لەم مانگەدا بەهۆی رۆژووبوونەوە مرۆڤ كەمتر تاقەتی هەیە بۆ وەرزشكردن، بۆیە گرنگە بزانن چۆن و لە چ كاتێكدا وەرزش ئەنجامدەدەن.
باشترین كات بۆ ئەنجامدانی وەرزش لە مانگی رەمەزان ئەمانە:
-رۆیشتن بەپێ لە بەیانیان زوو بۆ ماوەی 35 تا 45 خولەك، باشترین كاتە بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت پارێزگاری كێش، جومگەو ماسوولكەكانیان بكەن.
- ئەنجامدانی وەرزش كاتژێرێك پێش بەربانگ، ئەمەش بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كێشیان دابەزێنن، چونكە توێژینەوەیەك لەمبارەوە دەڵێت” ئەنجامدانی وەرزش دوای هەشت كاتژمێر بەڕۆژووبوون رێژەی چەوری سووتاندن زیاد دەكات.
- ئەنجامدانی وەرزش دوای بەربانگ بە سێ كاتژمێر بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ماسوولكە دروستبكەن، دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بۆ چەند كاتژمێرێك ئەنجامی بدەن، لەگەڵیدا پێویستە خواردنی گونجاو و تەواوكەرە خۆراكییەكان وەرگرن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەیان.
گرنگترین ئەو خاڵانە چین دەبێ رەچاو بكرێن لە كاتی وەرزش لە مانگی رەمەزان؟ - دووركەوتنەوە لە تیشكی خۆری راستەوخۆ بۆ ماوەیەكی زۆر.
- نابێت لە ماوەی 60 خولەك زیاتر وەرزش بكەیت لەكاتی بەڕۆژووبوندا.
-پێویستە شلەمەنییەكان بەشێوەیەكی باش بخۆیت لەكاتی بەربانگ، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ئاوەی لەدەستت داوە. - راستەوخۆی دوای بەربانگ وەرزش مەكە، دەتوانیت دوای سێ كاتژمێر دەست پێبكەیت.
- ژەمێكی پڕ لە سەوزەوات و میوە بخۆ لەگەڵ كەمكردنەوەی چەوری.
- خواردنەوەی ئاو بە تەنیا بەس نییە بۆ قەرەبووكردنەوەی شلەمەنییەكان، دەبێ شەربەتی میوەی لەگەڵ بخۆیتەوە.
- قەرەبووكردنەوەی شلەمەنییەكان دەبێت لەسەرخۆ و هێدی هێدی بێت نابێ یەكسەر رێژەیەكی زۆر بخورێتەوە بە یەكجار .