شەهلا رەشید- سۆران:
رێبوار سەیفەدین، بەپرسی بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بەپێی ئەو حاڵەتانەی پێشتر وویانداوە، زۆربەی رووداوەكانی پەلاماردان و سەگ گەستن لە دەرەوەی سەنتەری شار روویانداوە، لە نێو سۆران هیچ حاڵەتێكی پەلاماردانی سەگ نەبووە، هەر رووداوێكی لەم شێوەیەش بهێندرێتە فریاكەوتن، دەرزی دژە ژەهری بۆ بەكاردەهێنین، ئەگەر كەسەكە برینداریش ببێت ئەوا چارەسەری دەكەین.
بەپرسی بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری سۆران، گووتیشی:” ئەم حاڵەتانە زۆر دەگمەنن، یەك یان دوو هەفتە جارێك روودەدات، جاری واش هەیە ئەگەر ببیتە هەفتەی یەك حاڵەت.
سەگی بەڕەڵا لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەشێوەیەك لە شاری هەولێر و سلێمانی رۆژانە حاڵەتی پەلەماردانی سەگ روویانداوە و زیان بە منداڵ و هاووڵاتییان گەیشتووە، بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی ئەم جۆرە رووداوانە لە سۆران كەمترە بە بەراورد بە شارەكانی دیكە.