مەهدی محەممەد – ڕواندز :
بێ بازاڕی و نەبوونی کار، گەنجانی ڕواندزی نیگەران کردووە، ئەوان دەپرسن کەی ئابووریی شارەکەیان لەو چەقبەستوویی تێ کەوتوو دەرباز دەکرێت ؟ دەپرسن بۆ تا ئێستا هیچ کام لە کۆلێژێک یان بەڕێوەبەرایەتییەک لە شارەکە نەکراوەتەوە ؟
گەنجێک دەڵێ :” لە زۆربەی شارەکان پێشکەوتووترین پەیمانگا و زانکۆ کراوەتەوە، کەچی لە ڕواندز تەنیا پەیمانگایەک هەیە کە ئەویش بیناکەی تەنیا لە زیندانێک دەچێت”، یەکێکی تر دەڵێ:” کاتێک ڕواندز بە پایتەختی گەشتیاری ناو دەبرێت، ئەی بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزاری بۆ لێ نییە؟”
ڕەوشت شۆرش گەنجێکی شارەکەیە و پێی وایە ڕواندز لە زۆر ڕووەوە فەرامۆشکراوە و دەڵێ: “لە زۆربەی شارەکان پێشکەوتووترین پەیمانگا و زانکۆ بوونی هەیە، لە ڕواندز تەنیا یەک پەیمانگا هەیە کە ئەویش بینایەکی لە زیندان دەچێت،”
نەبوونی دەرفەتی کار و جێهێشتنی شار لەلایەن گەنجانەوە، ڕەوشت ی نیگەران کردووە ئەو دەڵێ: “بەداخەوە لە ئەنجامی نەبوونی دەرفەتی کار، کۆمەڵێک گەنج بە ناچاری شارەکەی خۆیان جێ هێشتووە و ئێستا لە شارەکانی تر دا خەریکی کارکردنن، لەوانەیە خەڵک بپرسێت ئەو هەموو شوێنە گەشتیارییە لە شارەکەدا هەیە، چۆن گەنجان بێ کارن، لە وەڵامدا دەڵێم ڕاستە ئەو شارە خاوەنی شەنگلبانە و بێخاڵ و کورەک و جوندیان و چەند شوێنێکی ترە، بەڵام کەمترین گەنجانی ئەو شارە دەرفەتی کارەییان بۆ ڕەخسێنراوە لەو شوێنانە و ئەوەی تر زۆربەی خەڵکی دەرەوەی شار و بیانین.”
محەممەد دڵشاد پێی وایە بە دروستکردنی ماڵی حوزنی بۆ ڕۆژنامەنووسان و نەخۆشخانە 50 قەرەوێڵەیەکە شار قۆناخێکی تر دەچێتە پێش و دەڵێ: “ڕواندز پێویستی بە کردنەوەی هەندێک شوێن هەیە بۆ ئەوەی ببێتە هۆکاری زیاتر ڕوو تێ کردنی خەڵک لە شارەکانی دەوروبەر، بە تایبەت دروستکردنی ماڵی حسێن حوزنی موکریانی، ئەمە دەبێتە ڕاکێشانی ڕۆژنامەنووسان بۆ شارەکە، هەروەها دروستکردنی نەخۆشخانە 50 قەرەوێڵەیەکە ئەمانە وا دەکەن خەڵکێکی زۆرتر سەردانی شارەکە بکەن، ئەو شارە خاوەن ڕەز و باخێکی زۆرە، دەبووایە ئێستا چەند کارگەیەکی دروستکردنی سرکە و مرەبا و دۆشاو بوونی هەبووایە، کە ئەوە ژێرخانی ئابووری شارەکەی بەهێزتر دەکرد و ئەو هەموو گەنجەش شارەکەی جێ نەدەهێشت.”
حسێن حەمەدەمین پێی وایە ئەو گۆڕانکارییە ئیدارەیەی لە دەڤەرەکە دروست بوو، ئەویش نەیتوانی ڕواندز لەو بارودۆخەی تێ کەوتووە دەرباز بکات و دەڵێ: “لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە ئیدارەیەی لە دەڤەرەکە دروست بوو، چاوی ئەوەمان دەکرد ڕواندز چەند قۆناخێکی تر بچێتە پێش، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوەمان نەبینیوە و جا نازانین لە ئایندەش چۆن دەبێت، بەڵام دەبووایە تا ئێستا چەند بەشێکی گرنگی ئیداریی لە شارەکە هەبووایە، وەک زانکۆ و کۆلێژ، یان ئەگەر هیچ نەبووایە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لەو شارە بوایە، لە کاتێکدا کە بە پایتەختی گەشتیاری ناو دەبرێت.”