مەهدی محەممەد – ڕواندز:
لە یەکێک لە پێچەکانی ڕواندز، شوێنێک دیار کرابوو تاکوو بکرێتە نەمامگە، بەڵام دواتر شوێنهكهى گواسترایەوە بۆ نزیک ڕێگەی هەوارگەی گەشتیاری شەنگلبانە، سەرۆکی شارەوانی ڕواندزیش دەڵێ :” ئەو شوێنە دەکەینە پارکێکی سروشتی جوان،”
نەجات مەجید سەرۆکی شارەوانی ڕواندز لەمبارەیەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: “پێشتر بەرنامەی دروستکردنی نەمامگەیەک هەبوو لە پێچەکانی ڕواندز، هەندێک وردە کاریشی تێدا کرا، بەڵام دوای ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ سەرووی خۆمان و خەڵکی شارەزا، لە دواجار بڕیارماندا کاری نەمامگەکە ڕابگرین و بیگوازینەوە بۆ شوێنێکی تر،”
سەرۆکی شارەوانی ڕواندز ئەوەش دەڵێ: “دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و قایمقامی شار و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان، ڕەزامەندی وەرگیراوە کە پارکێکی سروشتی جوان لەو ناوچەیە دروست بکرێت، هەروەها بەرنامەی ئەوەشمان هەیە کە هەر شوێنێک گونجاو بێت لە پێچەکانی کاولۆکان، پارکێکی خنجیلانەی لە سەر دروست بکەین.”