لە دوای بڕیاری داخستنی ئاسمانی توركیا بەرووی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و مەترسی لێكەوتەكانی ئەو بڕیارە وایكرد كە بەردەوام چاودێری دۆخەكە بكەم، هەر لەو چركە ساتەوە و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتەكەم پەیوەندییەكانی خۆم خستۆتە گەڕ بۆ رێگرتن لە تەشەنە سەندنی گرژییەكان، ئیدانەی ئەو رووداوەی ناو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و تێكدانی ئارامی و سەقامگیری شاری سلێمانی و خەڵكە تێكۆشەرەكەی دەكەم، وڵاتانی دراوسێ دەبێت لە رێگەی دیالۆگ و كەناڵە رەسمیەكانەوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن، داواكارم لایەنە سیاسییەكانیش لەهەرێمی كوردستان دانبەخۆیاندا بگرن تا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەردەكەون. پێویستە هەڤاڵانمان لە رۆژئاوا بە ورریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و بزانن كە دۆخی ئێستای سلێمانی وەك پێشتر نیە و رووداوی كەوتنە خوارەوەی دوو هەلیكۆپتەرەكە و رووداوەكەی دوێنێ بەرئەنجامی ئەو شێوازی سیاسەتكردنەیە كە ئێستا لە سلێمانی دەگوزەرێت.
ڕابردوو سەلماندوویەتی كە هاوكاریكردنی خوشك و براكانمان لەهەر پارچەیەكی كوردستان بە ئەركی نەتەوەیی خۆمان زانیوە، بەڵام ناكرێت خەڵكی كوردستان باجی هەڵە و عینادی سیاسییەكان و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و كاری نا عەقڵانی بدەن و بە دروشمی موزەیەفی كوردایەتی ختوكە بدرێن، یەكتر تەخوین كردن و موزایەدەی سیاسی خزمەت بە هیچ لایەك ناكات، ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتیی لەسەر شێوازی حكومڕانی و ئیدارەدانی سلێمانی گەیشتۆتە ئاستی لێكترازان، ئەوانەی بەراستی خەمی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانیانە و لە هەستیاری ئەم قۆناغە تێدەگەن بەتایبەت كە ئێستا رێككەوتنێك لە ئارادایە لەگەڵ بەغدا كە هەنگاوێكە بۆ بوژاندنەوەی ئابووری و باشبوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و موچەخۆران، دەبێت باش بزانن كە لە ئێستادا دەستبەردار بوون لە تاكڕەوی سیاسی و لێكتێگەیشتن و كاری پێكەوەیی بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان بەگشتی و دۆخی نا ئارامی سلێمانی بەتایبەتی لەهەموو شتێك گرنگترە. نابێت رێگە بدەین ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دۆخی بازاڕ و كاسبكاران و ئاشتی كۆمەلایەتی تێك بچێت، سلێمانی و خەڵكە تێكۆشەرەكەی قوربانی زۆریان داوە، شایەنی ئەوە نین لەوە زیاتر سزا بدرێن و لەو نا ئارامییەدا بمێننەوە.