مەهدی محەممەد – ڕواندز :
باغی گشتی ڕواندز زياتر له يهك سهدهيه دروستكراوە و ڕووبەرەكەی پێنج هەزار مەتری چوارگۆشەیە، پێشتر جێگەی كۆبوونەوەی خێزانی و چالاكی ڕۆشنبیری و هونەری و وەرزشی بوو، بەڵام ماوەیەكی زۆرە پەراوێز خراوە و بەشی زۆری خزمەتگوزارییەكانی پاركەكە لەنێو چوونە، لە ئێستادا دەنگۆی نۆژەنكردنەوەی هەیە، تا جارێكی تر ببێتەوە كۆكەرەوەی هاوشارییان و بەڕێوەچوونی چالاكییە جۆراوجۆرەكان تێدا. سەرۆكی شارەوانی ڕواندز باس لەوە دەكات كە دەرخستەی نۆژەنكردنەوەكەی دراوە بە ئیدارەی سۆران.
نەجات مەجید سەرۆكی شارەوانی ڕواندز لەم بارەیەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “مانگێك بەر لە ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان لەسەر داواكاری هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران داوایان لە ئێمە كرد دەرخستەیەك بۆ ئەو پاركانە بكەین كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆیە بە ڕاپۆرتێك تەواوی ئەو كەموكوڕیانەی لە پاركەكان هەیە داومانەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە دەگاتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ئەوەی جارێكی تر نۆژەن بكرێتەوە،”
بیر لەوە كراوەتە پاركەكە بدرێتە كەرتی تایبەت، هەر وەكوو نەجات مەجید سەرۆكی شارەوانی ئاماژەی بۆ دەكات :”سەرەتای نۆژەنكردنەوە لە چاككردنەوەی نافورەكان و wcو دروستكردنی كۆشكێك بۆ كاری فرۆشیاری تا بتوانین بە كرێی بدەین، ئەوە یەكێك لە هەنگاوەكان و هیوادارین لە ماوەیەكی نزیكدا بە كردار ئەو كارانە جێ بە جێ بكرێن، هەروەها دوای نۆژەنكردنەوەی بەرنامەی ترمان هەیە كە لە ڕێگەی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرێكەوە دوای گرتنە بەری ئەو ڕێكارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان و نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر بۆمان دیار دەكرێت، تا بتوانین لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە بە كرێ بدرێت تا ببێتە داهاتێك بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.”