دێسكی وەرزشی زاری كرمانجی:
سەرەڕای ئەوەی نزیكەی دوو رۆژ بەسەریدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هەواڵ و زانیاری تایبەت بە بردنەوەی ریال مەدرید لە كلاسیكۆ، زۆرترین شوێنكوتووی هەن.
پێگەیەكی نزیك لە یانە مەدریدییەكە، نهێنی سەركەوتنی كارلۆ ئانچیلۆتی بە 4-0 بەسەر چاڤی دەخاتەڕوو.
”ماڕكا“بەدواداچوونێكی كردووە و ئەو فاكتەرانەی دەرخستوون، كە بەهۆیەوە كارلۆ پشتی چاڤی پێ لەئەرزدا، لەمساڵەدا 5 جار كلاسیكۆ دوو جەمسەرەكەی كۆكردەوە، سێجار بارسا و دوو جار ریال بردنەوەیان تۆماركرد.
ئەو پێگە ئیسپانییە لە بەدواداچوونەكەیدا روونیكردووەتەوە، كە كۆمەڵێك وردەكاری بچووك پێش یارییەكە ریال مەدریدی كردە براوە.
گرنگترینی ئەو وردەكارییانە پەیامی كارلۆ ئانچیلۆتی بۆ یاریزانەكانی بووە.
بەگوێرەی ماڕكا بێت، پێش یاریی كارلۆ یاریزانەكانی ئاگادار كردبووەتەوە، كە لە كامپ نو چی روودەدات، پەیامەكەی بۆ تیمەكەی روون بوو گوتوویەتی، “ئەوان لە ئێمە باشتر نەبوون، نە لە یاری گەڕانەوەی جامی شا و نە لە یاریی خولە لەنێو كامپ نو. ئێمە شایەنی دۆڕان نەبووین، دەبێ ئەمە بسەلمێنین، لەبیرتان نەچێت كە یاریی كۆتاییە.”
ئەمە پەیامێكی راستەوخۆ بووە بۆ بەرزكردنەوەی كێرڤی یاریزانەكانی، كە دواتر دا چوونە نێو یاریگە سەلماندیان، كە بارسێلۆنا لەوان باشتر نییە.
ماڕكا ئەوەشی باسكردووە، كە ئانچیلۆتی لە چەند هەفتەی رابردوودا دەیزانی چۆن خۆی لە هەموو فشارێك داببڕێت، بەتایبەت لەو هەواڵەی كە دەیبینی یان بیستبووی دەربارەی جێگرەوەی یان بەربژێران بۆ شوێنی ئەو، ئەو تەنها سەرنجی لەسەر یارمەتیدانی تیمەكە بوو.
هەروەها ئانچیلۆتی دڵنیابوو لە بردنەوە بەرانبەر بارسا، دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوو لە مەشق و راهێنانەكاندا بینیبووی، پێشكەوتنێكی بەرچاوی لە كۆمەڵەكەدا هەستپێكردبوو.
ماڕكا نایشارێتەوه، كە راهێنەرە ئیتاڵییەكە لەم دواییانەدا، پاڵپشتی تەواوی ئیدارەی یانەكەی هەبوو و، ئەم ئارامییەی هێنایە ژووری جلگۆڕین، سەرەڕای پڕوپاگەندە دەرەكییەكان.