زاری كرمانجی-سۆران
لەمبارەوە هەژار ئیبڕاهیم، ئەندامی دەستەی كارگێڕی نووسینگەی سۆرانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، رایگەیاند: ” د. کوردستان موکریانی، نووسەرو لێکۆڵەر، سەردانی ستافی نووسینگەی سۆران- ی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی کردو لە دانیشتنێکدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی ئەنجامدانی ماڵی حسێن حوزنی موکریانی کرا.
دەشڵێت: ” لەو سەردانەدا تیشکخرایە سەر هەنگاوەکانی هەوڵدان بۆ دروستکردنی ماڵی حسێن حوزنی موکریانی لەقەزای ڕواندز. ستافی نووسینگەی سۆران هەوڵ و هەنگاوەکانیان لەبارەی پڕۆژەکە ڕونکردەوە بە ئاراستەی هەنگاونان بۆ ئەوەی ئەمساڵ پڕۆژەی دروستکردنی ماڵی حسێن حوزنی لەهەمان ئەو شوێنە بنیات بنرێت کە حسێن حوزنی موکریانی چاپخانەی تێدا داناوەو دواتریش گۆڤاری زاری کرمانجی لەڕواندز چاپکردووە.
پڕۆژەی ماڵی حسێن حوزنی موکریانی پڕۆژەیەکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، کە خۆی دەبینێتەوە لە دروستکردن و بنیاتنانی باڵەخانەیەک و دروستکردنی هۆڵێک لە شێوەی مۆزەخانەیەک تایبەت بە پاراستنی ئەرشیفی ڕۆژنامەوانی.
پێشتر سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئەو پارچە زەویەی کڕیوەتەوە کە پێشتر حسێن حوزنی موکریانی تیایدا ژیاوەو چاپخانەی لێداناوە.
چەند ساڵێک پێش ئێشتا بەردی بناغەی پڕۆژەکە دانرا، بەڵام بەهۆی گۆڕینی نەخشەی پڕۆژەکەو دواکەوتنی، قەیرانی دارایی بەسەرداهات و ئەنجامدانی پڕۆژەکە وەستا.
ئێستاش نووسینگەی سۆران – ی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هەوڵەکانی دەستپێکردوە، بە ئامانجی ئەوەی کە پڕۆژەکە بە کرداری بچێتە واری جێبەجێکردنەوەو بكەوێتە خزمەت رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانی دەڤەرەكە.