شەوكەت باردۆستی
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچێ كە دۆخی ئێستای سلێمانی دەرهاوێشتەی سیاسەتێكی هەڵە و نا حەكیمانەی نێو خودی یەكێتی نیشتمانییە واتا ئەوەی ئەمڕۆ لەو سنوورە دەگوزەرێ خودی یەكێتی لێی بەر پرسیارە .
كە شلەژانێكی سیاسی ئابووری و دواجار كۆمەڵایەتیشی دروستكردووە بەتایبەتی دوای ئەوەی توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ سلێمانی بە بیانوی كۆمەڵێك هۆكار وەستاند.
كێشە ئەوەیە یەكێتی بێ ڕەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتی هەرێم و بارودۆخی خودی خەڵك و شاری سلێمانی رفتار و كرداری نەخواستراو لە چوارچێوەی حزبایەتێكی تەسك دەهاوێژێ كە ئەمەش یەكێكە لە هەڵە ستراتیجییەكانی سیاسەتكردن ڕەنگبێ پێیان وا بێت بەم ڕفتار و كارانە زیان بە پارتی و حكومڕانی پارتی دەگەیەنن بە تایبەتی دوای ئەوەی تیمی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكانی حكومەتیان كردووە هەوڵەكان بەم ئاراستەیە زیاتر روونترن.
تۆ سەیركە لە هەموو دانوستانەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا كاك قوباد تالەبانی سەرۆكی وەڤدی حكومەتی هەرێم بووە كەچی بە هۆی ئەم بایكۆتەیان بێبەش بوو لە واژۆ كردنی دواین ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، هیچ گومانم نیە گەر بەردەوام بایە لە نێو حكومەت ئەم شانازییە بە ئەو دەبڕا و تەنانەت دەنگدانەویەكی باشیشی لە نێو جەماوەری حزبەكەی دەبوو .
سیاسەتكردن بە دەمارگیری و بیری تەسك و كۆنە قین ناكرێت سیاسەت هەر ڕۆژەو تەنانەت هەر ساتەو شێواز و جۆرە زمان و مامەلەیەكی دەوێت ئەمە حەقیقەتی ئەم عێراق و ئەم ناوچەیە هیچ دۆخێكی جێگیر تا سەر نیە دەورووبەر هەمووی دوژمنی ئێمەیە ئەم هەرێمە بە خوێنی هەزاران شەهیدی قارەمان دروستبووە میللەت بەر لە هەر شتێك ئاسایش و سەقامگیری دەوێت حزبەكان دەبێت هۆكار بن بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسایشی خەڵك نەك بۆ تێكدان و نائارامی.
ئێستا ئەوەی لە سلێمان روو دەدات لە سنووری ئاسایی دەرچووە خەریكە تەواو لە ئارامی و ئاسایش و دواجار كارو كاسبی دەكەوێت ئەم دۆخە بەم شێوەیە كاریگەری خراپی دەبێت بەر لە هەر كەسێك خودی یەكێتی زەرەمەند دەبێت و تەواو دادەبڕێت لە كۆی پرسە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و دواجار سەنگی خۆی لە دەست دەدات وەك شەریكێكی ڕاستەقینە.