مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی :
گەنجێكی دانیشتووی گوندی شێرۆكیان ی سەر بە ناحیەی مەزنێ لە قەزای مێرگەسۆر، بە دەستە رەنگینەكانی وێنە دەكێشێت و زۆربەی وێنەكانیشی بە بزمار و دەزووە كە پێی دەڵێن هونەری (string Art)
بەنگین حەمید ی 18 ساڵە بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئەم ساڵ قۆناخی دوانزەم تەواوكردوەو چاوەڕێ قۆناخێكی تری نوێی خوێندن دەكەم كە ئەویش زانكۆیە”.
ئەوەش دەڵێ :” هەر لە منداڵیەوە حەز و خولیایەكی زۆرم هەبوو بۆ هونەری وێنەكێشان و لە تەمەنی چواردە ساڵی زیاتر كارمكرد لە سەر هونەری وێنەكێشان و تاوەكو ئێستا كار لە سەر هاتنە دی خەونەكانم دەكەم بە تایبەت بوون بە هونەرمەندێكی گەورەی شێوەكاری و بڕوانامەی بەرز بە دەست بێنم، بۆ ئەوەی بتوانم لەو مەجالەدا خزمەت بە نیشتمان و نەتەوەكەم بكەم”،
بەنگین باس لە یەكەم چالاكی خۆی دەكات كە نمایشكردنی وینەكانی بوو لەلایەن ناوەندی باڵای مێرگەسۆر، كە ئەو كات هەستێكی خۆشی پێ بەخشیووە.
خۆشەویستی هونەری وێنەكێشان لای بەنگین لە قۆناخی بنەڕەتیەوە سەرچاوە دەگرێت كاتێ یەكێك لە مامۆستاكانی وانەی نیگاركێشی پێ گووتنەوەتەوە و هانی داون بۆ ئەوەی لەسەر ئەو كارە بەردەوام بن، دەڵێ:” لە قۆناخی بنەڕەتی هەمیشە وێنەكانی من قبوولكراوە لای مامۆستایانی بەشی هونەری، بۆیە هانیان دەدام كە بەردەوام بم، ئەوەش یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە بەردەوام بووم لەسەر ئەو رێبازە و هونەری وێنەكێشان بووەتە خولیا و حەزێكی زۆرم هەیە بۆی بە تایبەت وێنەكێشان ( بە بزمار و دەزوو) كە ئەوەیان جۆرە هونەرێكی قورسە و بە هەموو كەسێك ئەنجام نادرێت و لەسەر تەختە دروست دەكرێت و كاتی زیاتری دەوێت لە جۆرە وێنەكێشانەكانی دیكە، وێنەكانم لە لایەن خەڵكەوە زۆر پەسەندن و داواكاریەكی زۆریان لەسەر هەیە”.