زاری كرمانجی- چۆمان:
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو وێستگەی نوێی كارەبا لە قەزای چۆمان دادەنێت، ئەمەش وادەكات دۆخی كارەبای دەڤەرەكە، بەرەو باشتر بێت.
ئەمڕۆ 6-4-2023، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكیدا ئاماژە بەوە دەكات” وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوام دایە لە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەكانی بواری سێكتەری كارەبا دروست بكات، بۆ ئەوەی تەواوی هاووڵاتییان لە كارەبای نیشتمانی سوودمەند بن، بۆیە ساڵی ڕابردوو چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژی بۆ دەڤەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە تایبەتی قەزای چۆمان دانا، كە پێكهاتووە لە بونیاتنانی هێڵی 132 كەیڤیی سۆران – چۆمان بە درێژایی 45 كیلۆمەتر، بونیاتنانی هێڵی 33 كەیڤیی حاجی ئۆمەران بە درێژایی 20 كیلۆمەتر”.
زیاتر نووسراوە” ئێستا 70%ی كارەكانی دوو پڕۆژەكە تەواو بوونە، پڕۆژەكەش بریتییە لە دابینكردنی وێستگەی مۆبایلی 33/132 كەیڤی بە قەبارەی MVA 45، دابینكردنی وێستگەی موبایلی 11/33 كەیڤیی حاجی ئۆمەران بە قەبارەی 25 MVA.، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەكە، چەندین سوود بە هاووڵاتییان دەبەخشێت، وەك فراوانكردنی قەبارەی بڕی كارەبا بۆ هاوبەشانی لە قەزای چۆمان، باشتركردنی ڤۆڵتییە، سووككردنی بارقورسی لەسەر فیدەرەكانی وێستگەی چۆمان، گەیاندنی كارەبای نیشتمانی بۆ حاجی ئۆمەران.”