مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
دوێنێ سێ شەممە 4 ی نیسانی 2023 ڕێککەوتنی کاتی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، دەقی ڕێکكەوتنەکە لە چوار خاڵ پێکهاتووە، لە خاڵی یەکەمدا باس لەوە کراوە کە جێگری بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێتە هەرێمی کوردستان و لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کەسێک دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەم شوێنە، هەروەها لە خاڵی دووەمی ڕێکەوتنە کاتییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی چوار کەسی دەکرێت کە یەکێکیان لە وەزارەتی نەوت و یەکێکی تر لە سۆمۆ و دوانی تری لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەبێت، واتا دوو ئەندام لە عێراق و دووەکەی تری لە کوردستان دەبێت، کاریان تەنیا گفتوگۆکردنە بۆ ئەوەی بە باشترین نرخ نەوتەکە بفرۆشرێت، هەروەها قسەکردنە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بۆ کڕینی نەوتەکەی، لە خاڵی سێیەمدا باس لەوە دەکات کە ئەو لیژنەی لە خاڵی دووەم هێمای بۆ کراوە، لە پاڵ کارەکانی ئەرکێکی تریشی لەسەر شانە، کە ئەویش گفتوگۆکردنە بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و غاز، خاڵی چوارەمی ڕێکكەوتنەکە باس لە کردنەوەی حیساب بانکێک دەکات کە تەواوی پارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دوای لێ دەرکردنی حەق دەستی کۆمپانیاکان، دەچێتە سەر ئەو ژمارە بانکییە، ئەم پارەیەش هەر وەکوو لە ڕێکەوتنە ئاماژەی بۆ کراوە یان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان یان نوێنەرێکی سەرۆک وەزیران کە لەلایەن ئەو دەستنیشان کرابێت، مافی تەسەروف کردنی پارەکەی هەیە .

































































