کەریم کاوە
رێکەوتنی دوێنێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەنگاوێکی گرنگە بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و بەردی بناغەی داڕشتنی یاسای نەوت و گازە کە بە دڵنیاییەوە لە کاتی داڕشتنی یاساکەدا لە سەر بنەمای رێکەوتنی ئێستا رەچاوی گشت مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە هەر وەک رێزدار کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ کردووە کە رێککەوتنەکە ئەنجام دراوە بەبێ ئەوەی ئەوەی تەنازول کرابێت لە هیچ مافێکی دەستووری کوردستان، کەواتە لە داهاتووشدا ئەم رێککەوتنە رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لە سەر داڕشتنی یاسای نەوت و گاز کە چارەسەری هەموو کێشەکانی پەیوەندار بە نەوت و گاز دەکات لە نێوان حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق و بە ئەمەش کوردستان هەنگاو دەنێت بەرەو ئاستێکی باڵاتر لە بواری بەرهەمهێنان و بەبازاڕ کردن و نرخی فرۆشتن و هەموو کاروباری پەیوەست بە ئەم سێکتەرە، چونکە ئیتر هەموو شتێک چوارچێوەی یاسای خۆی وەردەگرێت و شرۆڤە و ویست و مەبەستی سیاسی هیچ لایەنێک رۆڵی نامێنێت لەمبارەوە کە گرفت بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن لە فرۆشتنی نەوت و گاز، لە سەر ئەم بنەمایەش ئەو کاتە کوردستان پێگەیەکی بەهێزتری دەبێت لە شێوازی مامەڵە کردن لە ئەم سەکتەرەدا لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. بۆیە ناکرێت بە چاوێکی کەم سەیری ئەم هەنگاوەی ئێستا بکرێت و لە سەر بنەمای سیاسی و حزبی لێکدانەوەی بێ بنەما بۆ رێککەوتنە بکرێت کە ئەم جۆرە لێکدانەوانە قسە کردنی زۆر هەڵدەگرن و مەبەست لێیان روون و ئاشکرایە.
ئەوەی گرنگە کە ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەرییە ئەرێنیەکانی رێککەوتنەکە دەبین لە سەر ژیانی هاوڵاتیانمان و ئینجا بە شێوازی راستەوخۆ وەک مووچە یاخود بە ناراستەوخۆ وەک دابین کردنی خزمەتگوزارییەکان. لێرەوە بۆ هەمووان روونتر بوویەوە کە پارتی وەک کارەکتەری سەرەکی حکومەت لە ئێستادا گرنگترین شت باروگوزەرانی هاوڵاتیانە و هەر لە سەر ئەم بنەمایەش بەردەوام بووە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق. ئومێدێکی زۆرمان بە جەنابی سەرۆکی حکومەتە کە لە سەرەتای دروست بوونی کابینەی نۆیەم هەتاوەکو ئەمڕۆش مووچە بە تەواوی بەردەوامە و ئەوەندەی توانرا بێت پڕۆژە جۆراوجۆر ئەنجام دراوە و خزمەتگوزاریە حکومیەکانیش نەوەستاون و ئەوەی دوێنێش هەنگاوێکی دیکەیە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر و خاڵێکی نوێیە بۆ گەیشتنە بە چارەسەری لەگەڵ حکومەتی عێراق لە سەر چەندین کێشەی هەلپەسێردراو لە نێوانمان کە پێشتر کاربەدەستانی عێراق ئامادەنەبوون چارەسەریان بکەن. بە پێی کات راستی هەموو شتەکان روونتریش دەبێتەوە.