جەبار عەلی
دوای مشتومڕ وسەردانی زۆر بۆ بەغدا، كابینەی نۆیەم پێداگر لەسەر كارنامەی خۆی، مكوڕ و پێداگر بوو لەوەی هەموو مەلەفێكی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت لەنێوان هەردوو حكوومەت بێ، و لایەنە پێكهێنەرەكانیشی ڕەزامەندبن، لایەنیكەم دژ نەبن، لێ كارەكتەرەكان سەنگ و ڕۆڵیان دەبێت بۆ ملدانی لایەنی بەرانبەر، لەم سەروبەندەدا ئەوەم تێبینی كرد
یەكەم: خەڵكانێك چەندان جار سەرۆكایەتی وەڤدی هەرێمیان كرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەنگی بڕیاردان و خوێندنەوەی لایەنی عێراقی بۆ نەبوونی هەیبەت و شكۆی كەسەكان، هەمیشە دەستبەتاڵ دەهاتنەوە، خۆشیشیان ناو و ناتۆڕەی پڕ بەباڵایان بۆ هەڵدەبەستی.
دووەم: بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران، ماوەیەكە تۆڕاوە، زیز بووە، هەرچەندە ناڕاستەوخۆ دان بەهەڵەكانی دادەنێت، بەڵام ڕووی نایەت بڵێ بەفیتی كێ و چۆن و لە پێناو چی زیز بووە، خۆی بندیوارە و باسی نادادیش دەكات.
سێیەم: دوای جاڕی ڕێكەوتنەكە، لێشاوێك لە منداڵەكانی منداڵدانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە كۆمێنێتی كۆپیكراو كەوتنە وێزەی ڕێكەوتنەكە و قەوانی سواویان لێدایەوە، لەكاتێكدا ئەحمە و غالە و سەرەكۆسە… كۆڵوانەسوورەكانی بەرلەشكری حەشدی وەحشی كز و كلۆل خۆیان ماتكردووە و بێدەنگن، چونكە هەنجەتییان بۆ فریودان نەما، لەكاتێكدا جڕوجامشتی قەڵەمفرۆشی سۆسیاڵمیدیا تووشی ڕشانەوەیەكی تووندبوونە.
چوارەم: ئەوان كە نازانن سیاسەت بكەن و مرۆی ئەرك و بەرپرسیارییەتی نین و هاوەڵی نیوەی ڕێگان.
پێنجەم: دوای یازدە ساڵ دۆسیەی دادگا و هەڕەشەكان و یازد ڕۆژ ڕاگیرانی فرۆشتنی نەوت، كاریزمای كاك مەسروور بارزانی و پاڵپشتی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و شەونخوونی تیمەكەی كۆتایی بە هاشوهووشی میدیای زمان زبری پێڕی دژەكەڕامەتی كوردستانیان هێنا.
شەشەم: ئیدی دەبێت وەك هەمووجارێ پارتی لەوە گەورەتر بیربكاتەوە و باوەش بۆ زیزبووەكان بكاتەوە و جارێكی تر بیانبوورێت. چونكە دەستكەوتەكان چەند گەورە بن، بە لێكترازانی ناوماڵی كورد هەمووی لەدەست دەچێت، چونكە هەندێك بەچكە سیاسی خۆفرۆش ڕەنگەبیر لە ئاشووبێكی تری هاوشێوەی شازدەی ئۆكتۆبەر بكەنەوە. چونكە بەرەژانەكانی دوای ڕێكەوتن وەها بەنجی كردوون، ڕەنگە كاتێكی زۆربەریان نەدات.