عەبدوڵڵا حاجی محموود
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامە و روئیا وابوو بەهەماهەنگی و پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی بەشەفافیانە مامەڵە لەگەڵ داهات و خەرجی بکرێت لەپێناو فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان،لەدوای قوڵبوونەوەی کێشەکان بەپلان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق و ڕەوشی سیاسی و گۆڕانکاریەکانداکرا، کە ئەمە خواستێکی ناوخۆیی و دەرەکی بوو بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان.
دوابەدوای گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ و دڕێژخایەن لە نێوان وەفدی دانوستاندکار سەرئەنجام هەردولا گەیشتینە ڕێککەوتن، کە لەسەر بنەمای سیاسی و دەستوری واژۆکرا بۆ ئەوەی لەبەرژەوەندی سەرجەم گەلانی عێراقدابێت بێ جیاوازی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێم و عێراق و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی گەلی کوردستان، ئەم رێکەوتنە دەبێـتە مایەی پتەوکردنی پەیوەندیەکان و بەشداریکردنی زیاترمان لەسەقامگیری سیاسی و یاسایی و دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمەش گەشەی ئابووری زیاتر بەخۆوە دەبینێت.
لە ئێستاشدا واژۆکردنی ئەم رێکەوتنە دەبێتە بناغەیەک بۆ پەسەندکردن و بەیاسایی کردنی بودجە و نەوت و غاز، ئەوەی گرنگە پێوستە کوتلە کوردستانیەکان هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ و پەلەبکەن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆی ئەم ڕێکەوتنە پەسەندبکرێت.
بەگرنگی دەزانین هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرێز مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز بنرخێنین کە لە ڕابردوودا ڕوبەڕووی ئاستەنگ و فشاری زۆر بووەوە لە رووی سیاسی و یاسایی و داراییەوە بوە مایەی شێواندنی ئازادییەکان و دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان، سەرەنجام واقعیانە مامەڵەمان لەگەڵ ئەم پرسەداکرد و سەرکەوتوانە ئەم ئاستەنگانەمان تێپەڕاند، هەروەها نیازپاکی و هەوڵەکانی بەرێز محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرزدەنرخێنین لەبەرامبەر هاوسەنگی بۆ گەلانی عێراق و ستایشی پشتیوانی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ واژۆکردنی ئەم رێکەوتنە.
ئومێدەوارین لە داهاتوودا شێوازی کارکردنی تەشریعی و تەنفیزی قەزایی لە سەر رێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی بەهێزتربێت و پێکەوە بە یەکگرتوویی لە ئاست قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان کاربکەین بۆ قۆناغی داهاتوو و بەتایبەت ئامادەکردنی ڕەشنوسی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان.