محەمەد ئامۆکەیی – زاری کرمانجی:
٤ی٤ هەموو ساڵێک بەرۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوە لەمین و پاڵپشتی کاروباری مین دانراوە، بەمەبەستی بەرز راگرتنی ئەم رۆژە لە قەزای چۆمان مەڕاسیمێک بەڕێوەچوو.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین/ هەولێر بە زاری کرمانجی راگەیاند:“ بەئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکوومی و قایمقامی قەزای چۆمان و بەڕێوەبەری ناحیەکان و ژمارەیەک لە رێکخراوی نێودەوڵەتی تایبەت بە کاروباری مین، مەڕاسیمێک بەبۆنەی رۆژی جیهانی مین بەڕێوەچوو، لەم یادە تیشکمان خستە سەر کاروچالاکییەکان و هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای مین بۆ پاککردنەوەی خاکی پیسبوو بەمین و بڵاوکردنەوەی پەیامی هۆشیاری بۆ پاراستنی ژیانی هاونیشتیمانیان”.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین/ هەولێر گووتیشی:“ لە رێوڕەسمەکەدا رێزلێنان بەتیمەکانی مینلابردن لەسنوری قەزای چۆمان و رێکخراوەکانی کاروباری مین بەخشرا و دواتر سمینارێکی هۆشیارکردنەوە لەگەڵ نمایشکردنی کورتە فلیمێک لەسەر ژیانی کارمەندانی مین پێشکەشکراو،تیمەکانی هۆشیارکردنەوە لەسەرجەم بازگەکاندا نامیلکەی هۆشیاریان بەسەر شوفێران و رێبواراندا دابەشکرد.