نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵوەگەڕی جینۆسایدی كوردانی فەیلی پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت، ناساندنی ئەو تاوانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە، حكوومەت و دەوڵەتی عێراق ڕووبەڕووی ئەرك و بەرپرسیاریەتیی یاسایی و مرۆیی دەكاتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانییان.
ئەمڕۆ سێشەم چواری نیسان، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەمڕۆ لە 43مین ساڵیادی تاوانەكانی جینۆساید و بێسەروشوێنكردن و وڵاتبەدەركردنی خوشك و برایانی كوردی فەیلیدا، بە ڕێز و شكۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو تاوانانە دەكەینەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەوەی دەرهەق بە كوردانی فەیلی كرا، پاكتاوێكی نەژادیی ڕەگەزپەرستانە بوو. تێیدا وێڕای بێسەروشوێنكردنی دەیان هەزار هاووڵاتیی بێتاوان، سەتان هەزاریشیان دووچاری ڕاگواستن و وڵاتبەدەركردن و زەوتكردنی ماڵ و موڵكیان و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە بوونەوە، تەنیا لەبەر كوردبوون و داكۆكیكردنیان لە ناسنامە و مافە ڕەواكانی میلەتەكەیان.
روونی كردووەتەوە، ناساندنی ئەو تاوانە بە جینۆساید لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە، حكوومەت و دەوڵەتی عێراق ڕووبەڕووی ئەرك و بەرپرسیاریەتیی یاسایی و مرۆیی دەكاتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانییان. لەم یادەدا داوا لە حكوومەتی فیدراڵی عێراق دەكەین ئەركی خۆی بەجێ بگەیەنێت بە قەرەبووكردنەوە و گێڕانەوەی سەرجەم مافە مەدەنی و مادییەكانی كوردانی فەیلی.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان. قوربانیدان و دڵسۆزیی خوشك و برایانی كوردی فەیلیمان، جێی شانازیی گەلەكەمانە و هەمیشە لە یادمانن.